پرۆژە یاسای لێبوردنی گشتی سزادراوانی بادینان ناگرێتەوە

٤ کانونی دووەمی ٢٠٢٣

بڵاویبکەرەوە لە

دەزگای میدیایی قەڵەم پرۆژە یاسای ئامادەکراوی لێبوردنی گشتی بڵاو دەکاتەوە کە تیایدا بەپێی بڕگەی 2 لە ماددەی 6ی پرۆژە یاساکە سزادراوانی بادینان ناگرێتەوە.

ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی پرۆژەیاسایەکیان بۆ لێبوردنی گشتی لە زیندانییانی هەرێمی کوردستان ئامادە کردووە و بڕیارە دوای کۆتایی هاتنی پشوی زستانە ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستانی بکەن.

لە بڕگەی 2 ی ماددەی 6ی پرۆژە یاساکەدا هاتووە: "هیچکام لەو تاوانانەی کە دژ بە ئاسایشی ناوخۆ و دەرەوەی عێراق یان هەرێم ئەنجامدراون لێبوردنی گشتی نایانگرێتەوە"، بە ئەو پێیەش لێبوردنەکە سزادراوانی بادینان ناگرێتەوە چونکە ئەوان بەپێی یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003 سزادراون، کە تایبەتە بە زیاندان لە ئاسایش و سەقامگیری و سەروەریی دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستانی عێراق.

بەوتەی شارەزایانی یاسایی لە ئێستادا هیوای ئازادبوون بۆ ئەو سزادراوانە ئەوەیە کە یان سەرۆکی هەرێمی کوردستان لێبوردنی تایبەتییان بۆ دەربکات، یاخود ئەو مادە یاساییە بگۆڕدرێت کە پێی سزا دراون.

هاوکات پرۆژە یاساکە ئەوانەش ناگرێتەوە کە بە تاوانی کوشتنی ژنان بەبیانوی ناموس دەستگیرکراون، لەگەڵ ئەوانەی بەپیی یاساکانی ژمارە 6 و 8ی ساڵی 1992، هەروەها ئەوانەی بە تۆمەتی گەندەڵی ساختەکردنی دراو و ئیختلاس و بازرگانیکردن بە دەرمان و خۆراکی ماوە بەسەرچوو وە بازرگانانی ماددەی هۆشبەر ناگرێتەوە.

ماوەیەکی زۆرە دەگۆی دەرکردنی یاسای لێبوردنی گشتی لە ئارادایە، کە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی بریتییە لە فشارە نێودەوڵەتییەکان بەهۆی قەرەباڵغیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان و نەگەیشتنی بە ستانداری جیهانیی بۆ گرتنە خۆی حوکمدراوان.

بۆ خوێندنەوەی پرۆژە یاساکە کلیک لێرە بکە