٣٠ كانونی یەکەمی ٢٠٢٢
لە هەر چوار پارێزگاكەی هەرێم حەوت كارگەی بەرهەمهێنانی زەیتی زەیتوون بوونیان هەیە و ساڵانە لە هەرێمی كوردستان 800 تۆن زەیتوون لەلایەن هەزار و 340 باخەوانەوە بەرهەم دەهێندرێت، هاوكات لە كۆی ئەو زەیتوونەی بەرهەمدەهێندرێت بڕی زیاتر لە 110 تۆن زەیتی زەیتون بەرهەم دەهێندرێت كە پارێزگای هەڵەبجە زۆرترین بڕی زەیتی زەیتوونی لێ بەرهەمدەهێندرێت.
بە پشت بەستن بەو ئامارانەی كە لەوەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو ئەمڕۆ هەینی 30ی کانونی یەکەمی 2022، خستویەتیەڕوو، لەهەر چوار پارێزگاكەی هەرێم حەوت كارگەی بەرهەمهێنانی زەیتی زەیتوون بوونیان هەیە، سیانیان لە هەولێر و هەریەكە لە سلێمانی و دهۆك و هەڵەبجەش ئیدارەی گەرمیانیش یەكی یەك كارگەی بەرهەمهێنانی زەیتی زەیتوونیان تێدایە، هاوكات لە هەر چوارپارێزگاكەی هەرێم، هەزار و 340 باخەوان باخی زەیتوونیان هەیە و ساڵانە نزیكەی 800 تۆن بەرهەمی زەیتوونەكانیان دەبەنە كارگەكان و رۆنیان لێ بەرهەمدەهێندرێت.
لە ئامارەکەدا ئەوەش هاتووە، لەكۆی ئەو هەزار و 340 باخەوانە 390 باخەوانیان لە هەولێر و 450 باخەوانیان لە سلێمانی و لەدهۆك 250 باخەوان و لەهەڵەبجەش 250 باخەوان سەرقاڵی بەرهەمهێنانی زەیتوونن، هاوكات لە وەرزی رابردووی پێگەیشتنی زەیتوون، لە كۆی 800 تۆن زەیتوون بڕی زیاتر لە 110 تۆن زەتی زەیتوون بەرهەم هاتووە كە زۆرترینی لە پارێزگای هەڵەبجە بووە.
هاوکات، لە كۆی 110 تۆن زەیتی زەیتوون بڕی 60 تۆنی لە هەڵەبجە و 37 تۆنی لە هەولێر و 10 تۆنی لە سلێمانی و دووتۆن و 800 كیلۆشی لە پارێزگای دهۆك بەرهەم هاتووە و بەرپرسانی وەزارەتی كشتوكاڵیش جەخت لەوەدەكەنەوە كە لەوەرزی داهاتوودا بەرهەمی زەیتوون و زەیتی زەیتوونیش لە هەموو پارێزگاكان زیاتردەبێت
