٢٩ كانونی یەکەمی ٢٠٢٢
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە هەوڵی هەموارکردنەوەی یاسای ماددە هۆشبەرەکاندایە تاوەکو سزای بازرگانانی ئەو ماددانە قورستربکات.
لە ئەو بارەیەوە سەگڤان سندی ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئەنجومەنی نوێنەران، ئەمڕۆ پێنج شەممە 29ی کانونی یەکەمی 2022، لە لێدوانێکدا بە میدیا عێراقییەکانی وت: "لاوازیی یاسای مادە هۆشبەرەکانی ئێستا بووەتە هۆی زیاتربوونی ئەو پەتایە و بووەتە کێشەیەک کە لە زاخۆوە تا بەسرە کۆمەڵگا پێوەی دەناڵێنێت".
سندی داوایکرد ڕێوشوێنی توند و ڕێگر دابندرێت و ئاشکراشیکرد کە: "پرۆژەیەک بۆ هەموارکردنەوەی یاساکە لە ئەنجومەنی نوێنەرانە و خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە، بەهیواین دوای کۆتاییهاتنی پشوی یاسایی پەرلەمان، خوێندنەوەی دووەمی بۆ بکرێت".
ڕونیشیکردەوە کە: "هۆکاری دواکەوتنی خوێندنەوەی دووەم، دەگەڕێتەوە بۆ ناردنی هەندێک بڕگەی هەموارە نوێیەکە بۆ شارەزایانی یاسا بە مەبەستی دیراسەکردنی".
وتیشی: "هەمواری یاساکە زۆر پێداویستی لەخۆ دەگرێت لەڕێی دابینکردنی بنکەکانی ڕاهێنانەوە بۆ ئالودەبووەکان و زیاترکردنی سزای ڕێگرکەر بە ڕوی بازرگانەکان، سەرەڕای لەخۆگرتنی ڕێوشوێنی وشکپێکردنی سەرچاوەکانی هاوردەکردنی و توندکردنەوەی گومرگ و بازرگانیی ناوخۆ".
بازرگانی پێوەکردن و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان بووەتە یەکێک لە دیاردە باو و دیارەکان لە عێراقدا و ڕۆژانە چەندین کێشەی ئەمنی و کۆمەڵایەتیی لێدەکەوێتەوە، هەر ئەمڕۆش وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند تەنیا لە ساڵی 2022 دا زیاتر لە 14 هەزار کەس بە تۆمەتی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستگیرکراون.
