١٨ كانونی یەکەمی ٢٠٢٢
به‌ڕێوه‌به‌ری پڕۆژه‌كانی ده‌زگای لوتكه بۆ كاروباری ئاواره و په‌نابه‌ران ڕایگەیاند، به‌رده‌وامده‌بن له پێشكه‌شكردنی هاوكاری بۆ په‌نابه‌ران و كۆچبه‌ران و تا ئێستاش توانیویانه ته‌رمی زیاتر له 24 كۆچبه‌ر بۆ هه‌رێمی كوردستان بگێڕنه‌وه و ده‌شڵێت، ته‌نها ئه‌مساڵ زیاتر له 71 هه‌زار و 225 په‌نابه‌ر داوای مافی په‌نابه‌ریان پێشكه‌ش به وڵاتانی جیهان كردووه.
ئەمڕۆ یەکشەممە 18ـی کانونی یەکەمی 2022 باهۆز به‌رزان، به‌ڕێوه‌به‌ری پڕۆژه‌كانی ده‌زگای لوتكه بۆ كاروباری ئاواره و په‌نابه‌ران له میانی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: "چالاكییه‌كانیان له پێناو پارێزگاریكردن له دۆسه‌ی په‌نابه‌ران و كۆچبه‌ران به‌رده‌وامیان ده‌بێت و زیاتر له ده‌یان هه‌زار كۆچبه‌ر و په‌نابه‌ر داوای مافی په‌نابه‌رێتیان له وڵاتانی ئه‌وروپا كردووه".
وتیشی: "بۆ ساڵی 2022، زیاتر له 71 هه‌زار و 225 په‌نابه‌ر داوای مافی په‌نابه‌رێتیان پێشكه‌ش به وڵاتانی جیهان كردووه، له‌م ژماره‌یه‌ش زیاتر له 17 كه‌س گیانیان له ده‌ستداوه و حه‌وت په‌نابه‌ری دیكه‌ش بێسه‌روشوێن بوون".
باهۆز به‌رزان باسی له ئە‌وه‌شكرد: "چالاكییه‌كانمان له چوارچێوه‌ی جیاوازدا و له ژێر فشاری وڵاتان و به‌شێكی زۆری به‌رپرسان به‌رده‌وامی هه‌بووه و به شێوه‌یه‌كی گشتیش كار ئاسانیمان كردووه له گێڕانه‌وه‌ی ته‌رمی زیاتر له 24 كۆچبه‌ر بۆ هه‌رێمی كوردستان، هاوكاری پێشكه‌ش به هه‌زار و 320 كۆچبه‌ر كراوه به‌هۆی ئه‌وه‌ی ناسنامه‌كانیان له رێگی كۆچی نایاساییدا له‌ده‌ستدابوو و له پێناو ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر داوای خۆیان داوای گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ عێراق و هه‌رێمی كوردستان كردبوو".
به‌ڕێوه‌به‌ری پڕۆژه‌كانی ده‌زگای لوتكه بۆ كاروباری ئاواره و په‌نابه‌ران ئاماژەی بە ئەوەشدا، له مانگی شه‌شی ئه‌مساڵدا زیاتر له دوو هه‌زار و 500 سه‌به‌ته‌ی خۆراك بابه‌تی خۆپارێزی دابینكراوه بۆ په‌نابه‌رانی ناوخۆی كه‌مپه‌كان و ده‌روه‌ی هه‌رێمی كوردستانیش، به‌دواداچون بۆ كه‌یسی بێسه‌روشوێن بونی زیاتر له 240 كه‌س له پێناو یه‌كلاكردنه‌وه‌ی چاره‌نوسیان".