پەرلەمانتارێکی پارتی : "پارتی و یەکێتی کێشەیان نییە لەسەر وەزارەتەکانی بەغدا

١٩ تشرینی دووەمی ٢٠٢٢

بڵاویبکەرەوە لە

پەرلەمانتارێکی پارتی: "پارتی و یەکێتی کێشەیان نییە لەسەر وەزارەتەکانی بەغدا و چوارچێوەی هەمەئاهەنگی کێشەکەی دروستکردووە".

ئیخلاس دلێمی پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: "پارتی و یەکێتی کێشەیان نییە لەسەر وەزارەتەکانی بەغدا و چوارچێوەی هەمەئاهەنگی کێشەکەی دروستکردووە".

ئەمڕۆ شەممە 19ی تشرینی دووەمی 2022، ئیخلاس دلێمی لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی سۆمەریەی عێراقی وتی: "کێشە لە نێوان پارتی و یەکێتیدا نییە لەسەر ئەو وەزارەتانەی ماونەتەوە و چوارچێوەی هەمە ئاهەنگی ئەو کێشەیەی دروستکردووە".

دلێمی وتیشی: "چوارچیوە بەڵێنی دوو وەزارەتی بە یەکێتی دابوو، لە کاتێکدا بەڵێنی چوار وەزارەتی بە پارتی دابوو (واتە هەموو ئەو وەزارەتانەی پشکی کوردن) لە بەرامبەر دەستبەرداربوونی لە سەرۆکایەتی کۆمار".

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بە ئەوەشکرد کە: "عەبدولـلەتیف ڕەشید سەرۆک کۆماری ئێستا یەکێتییە، جا بژاردەیان بووبێت یان نا".

لە لێدوانەکەیدا دلێمی داوای لە چوارچێوەی هەمەئاهەنگی کرد چارەسەرێک بۆ کێشەکە بدۆزێتەوە کە هەردوو لایەن قایل بکات چونکە ئەوان کێشەکەیان دروستکردووە و وتیشی: "لەوانەیە هەفتەی داهاتو یەکلاکردنەوەی دوو وەزارەتەکە بەخۆوە ببینێت".

ڕۆژی 13ی تشرینی یەکەمی ڕابردوو پەرلەمانی عێراق لە کۆی 24 وەزارەت دەنگی لەسەر 22 وەزارەتی کابینەکەی محەمەد شیاع سودانی دا، بەڵام تا ئێستا وەزارەتی ژینگە و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون و شارەوانییەکان کە لە پشکی کوردن دەنگیان پێنەدراوە.