١٠ تشرینی دووەمی ٢٠٢٢
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند، هۆشداریدراوە لە هاوردەکردنی 21 ماددەی کشتوکاڵی و ئاژەڵی لە جۆری خواردن و خواردنەوەکان کە لەدەرەوە هاوردە دەکرێن ئەوەش لەپێناو پاڵپشتیکردنی بەرهەمی ناوخۆییدا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 10ی تشرینی دووەمی 2022، لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقدا ئاماژەبەوەکراوە، هۆشداریدراوە لە هاوردەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی وەک خەیار، باینجان، شوتی، قەڕنابیت، گێزەر، پەتاتە، کاهو، سیر، بیبەر، خورما، تەماتە، شێلم، چەوەندەر، هەنگوین و پاقلەی سەوز.
باسی لەوەشکردووە، هاوردەکردنی بەرهەمە ئاژەڵییەکانی وەک هێلکە و مریشکی زیندوو، مریشکی بەستوو ماسی بەستوو قەدەغەکراون.
ئەوەش هاتووە، بڕیاری قەدەغەکردنی ئەو کاڵایانە بە پشتبەستن بە بەڕیارەکانی لیژنەی کاروباری ئابووری دێت کە بەپێی ساڵنامەی کشتوکاڵی رێگری لە هاتنە ژوورەوەی ئەو کاڵایانە دەکات لە هەموو دەروازە سنورییەکان بە هەموو جۆرەکانیەوەکە قەدەغەکردنەکە دەیگرێتەوە، ئەمەش بەبێ گوێدانە بەرواری چوونە ژوورەوەی مۆڵەتی هاوردەکردن دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئامانجی وڵاتەکە لەو بڕیارە، پاراستنی بەرهەمە ناوخۆییەکانە لەو کاڵایانەی کە قەدەغەکردنی هاوردەکردنی کاڵای هاوشێوەیان بۆ دانراوە، وەک یەکێک لە ئامرازەکانی پاراستنی بەرهەمهێنەرانی ناوخۆیی و جووتیاران.