٢٦ تشرینی یەكەمی ٢٠٢٢
دوێنێ شەو ئەژی ئەمین لە شاری هەولێر بە هێزێکی چەند کەسییەوە چووەتە بەردەم ماڵی قوباد تاڵەبانی و داوای ڕونکردنەوەی لێکردووە بەرامبەر ئەو ھێزەی کە لە سلێمانی چونەتە سەر ماڵ و خێزانەکەی، بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکەش دەرباز کۆسرەت ڕەسوڵ و نێچیرڤان بارزانی دەستوەردانیان کردوەو ھێزێکی زۆریش جوڵەی پێکراوە.
بە پێی ئەو زانیارییانەی چەند دەزگایەکی راگەیاندن بڵاویانکردووەتەوە، دوێنێ شەو 25ی تشرینی یەکەمی 2022، لەگوندی ئەمریکی لەشاری ھەولێر، ئهژى ئهمین چووەتە بەردەم ماڵی قوباد تاڵەبانی و بەپاسەوانەکانی قوبادی وتووە، دەیەوێت ڕونکردنەوەی پێبدرێت لەبارەی ئەو ڕوداوەی کە لەسلێمانی ڕویداوە و ھێزێک چۆتە سەرماڵو کەسوکارەکەی.
هەر بە پێی زانیارییەکان، ئەژی ئەمین ھێزێکی چەند کەسی لەگەڵ بوەو لەماوەیەکی کەمیشدا دوای ئەو ڕوداوە، دەرباز کۆسرەت ڕەسوڵ و بەھێزێکی زۆرەوە گەیشتووەتە نوسینگەی قوباد تاڵەبانی و ھێزێکی تایبەت بە خۆی لەوێ جێگیرکردوەو فەرمانی کردوە ھەرکەس ویستی کارێکی نائاسایی بکات، دەستی لێ نەپارێزن و ڕوبەڕووی ببنەوە.
لەبەرامبەر ئەمەشدا ئەژی ئەمین لەڕێگەی چەند کەسێکەوە ھەوڵیداوە ھێزێکی پاراستن بباتە شوێنی ڕوداوەکە، کاتێکیش نێچیرڤان بارزانی بەدۆخەکەی زانیوە، ھەوڵی کۆنترۆڵکردنی داوەو لەلایەکی تریشەوە دەرباز کۆسرەت ڕەسوڵ پەیوەندیی بەبەرپرسانی باڵای پارتییەوە کردوە کە ھێزێکی ناوبراو بۆ پاراستنی ئارامی دۆخەکە لەشوێنی ڕوداوەکەن و پێویست ناکات ھیچ ھێزێکی تر بێتە ئەوێ.
دوای ئەو ھەوڵانەش بابەتی ناردنی ھێزەکەی پاراستنى پارتى بۆ نزیك ماڵى قوباد تاڵهبانى کۆتایی ھاتووە.
بە پێی ئەو زانیاریانەشی کە دەست قەڵەم کەوتووە، تائێستاش ھێزەکەی دەرباز کۆسرەت ڕەسوڵ لەبەردەم ماڵی قوباد تاڵەبانییە، بۆ ئاگاداربون لەھەر دۆخێکی نوێ.
ماوەیەکە گرژی کەوتوەتە نێوان پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتییەوە و بە پێی زانیاری هەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هێزێکی کۆماندۆ لە سلێمانی هەڵیان کوتاوەتە سەر ماڵی ئەژی ئەمین و خێزان و خانەوادەکەیان لەسلێمانی دەرکردووە، ڕوداوەکانی دوێنێ شەویش لە کاردانەوەی ئەوەدا بوو.