١٣ تشرینی یەكەمی ٢٠٢٢
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکیدا پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی سەرۆک کۆماری نوێی عێراق کرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 13ـی تشرینی یەکەمی 2022، دوای دەستبەکاربوونی لەتیف ڕەشید وەک سەرۆک کۆماری عێراق، قوباد تاڵەبانی پەیامێکی ئاراستەی ناوبراو کرد.
دەقی پەیامەکەی تاڵەبانی:
خۆشحاڵم دڵسۆزانەترین پیرۆزباییتان ئاڕاستە بکەم بۆ ئەو متمانەیەى کەئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران بە ئێوە و بە یەکێتی نیشتمانی کوردستانی بەخشی و هەڵبژێردران بەسەرۆک کۆمارى عێراق.
دڵنیام هەڵبژاردنتان بۆ ئەم پۆستە گرنگە دەبێتە پشتیوانێکی پڕ بایەخ بۆ رەخساندنی ئارامی و سەقامگیری لەعێراق و بەدەستهێنانەوەى پێگە و رۆڵى خۆی لەناوچەکەدا، هیواداریشم گەلى عێراق لەسایەى سەرۆکایەتی ئێوەدا ئەو قۆناغە دژوارە کۆتایی پێ بهێنێت و ببێتە دەستپێکێکی خێر بۆ قۆناغێکی نیشتمانی نوێ کە هەوێنی یەک گوتارى و یەکڕیزی نێوان پێکهاتەکان بێت.
ئەزموونى ئێوە لەسەردەمى خەباتی سیاسی جێى شانازییەکی گەورەیە بەتایبەت رۆڵى میحوەریتان لەسەردەمى ئۆپۆزسیۆنی عێراقی کە باشترین نوێنەرایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستانتان کرد، لەکایەى حوکمڕانی و بەڕێوەبردنیشدا و لەیەکەم حکومەتى هەڵبژێردراوی دواى پرۆسەى ئازادی عێراق، متمانەى سەرۆک مام جەلال-تان پێ بەخشرا و بوونە وەزیرى سەرچاوەکانی ئاو لەحکومەتى فیدراڵ.
گرتنە ئەستۆى ئەم بەرپرسیارێتییە نوێیە وەک سەرۆک کۆمارى عێراقی فیدراڵ، شایستەی ساڵانی خەبات و سیاسەت و ژیریی ئێوەیە کە دواجار ئەمڕۆ گەیشتنە لوتکەى حوکمڕانی لەعێراقدا.
قوباد تاڵەبانی
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران
