١١ تشرینی یەكەمی ٢٠٢٢
لەدوای ڕاپەڕینی بەهاری 91ی باشوری کوردستان و دروستکردنی حکومەت و پەرلەمان و بەرامبەرکێی حیزبەکانی باشور، هاوکات پەلکێشان بۆ شەڕی براکوژی تا دەگاتە ڕێکەوتنی یەکێتی و پارتی و داگیرکردنی عێراق لە لایەن ئەمریکاوە و ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و فرۆشتنی ناوچە دابڕێنراوەکان، سەرجەمیان یەک پاکێجن و قۆناغ بە قۆناغ ئەنجامدراون و کورد تەنیا وەک داشی دامە یاری پێکراوە، چونکە خاوەنی پڕۆژە و پیلانی درێژخایەن نەبووە.
ئەوەی کاری لەسەر کردووە تەنیا جوڵاندنی هەست و سۆزی کۆمەڵگە بووە بە لای وڵاتانی زلهێز و بەتایبەت ئەمریکا، چونکە سەرکردەکانی کورد خاوەنی بیروباوەڕێکن ئەگەر ئەمریکا و وڵاتان نەبن ئەمان هیچیان پێناکرێت، هەر ئەم بنامە بێ مۆڕالە وایکردووە سەرکردە و حیزب و نەتەوەیی بوون بێزراوترین شتبێت لە هەرێمی کوردستاندا.
ئێستاشی لەسەربێت ژنێکی وەک پلاسخارت کە کارەکتەری سەرەکی دراماکەیە و نوکی قەڵەمی ئەمریکایە بۆ گۆڕانکاری لە نەخشەی سیاسی و تۆبۆگرافی ناوچەکەدا. زۆرینە واتێگەشتون ئەمریکا و ئەوروپا خاوەنی دیموکراسیەتێکی بەهێزن بەهۆکاری ئەوەی هێرشە داگیرکارییەکان ناودەنێن پرۆسەی ئازادی وەک ئەوەی عێراق و ئەفغانستان، بەڵام دوای ٢٠ساڵ نە دیموکراسیەت دروستکرا و نە ئازادی و دادپەروەری فەراهەمکرا. ئەوەی کرا ئەفغانستان گەڕێندرایەوە بۆ دەستی تاڵیبان کە ئەمریکا پێی دەوت تیرۆرست و عێراقیش بوو بە چێشتی مجەوەر و مەیدانی کەڵەشێربازی چونکە هیچ شتێک نەما بەناوی یەکتر قبوڵکردن.
ئەوەی دەبینرێت ئەمریکا لە ڕێگەی پلاسخارتەوە دوو ئامانجی هەیە:
* بۆ هەرێمی کوردستان یەکخستن و ڕێککەوتنی یەکێتی و پارتی و هێزەکانیان بەناوی یەکڕیزیەوە بۆ لێدان لە کوردانی پارچەکانی تر و کارکردن لە ژێر چەتری ئەمریکادا وەک داشی شەترەنج بێ گوێدانە خواستی میلەت. چونکە ئەوەی دەبینرێت پلاسخارت و ئەمریکاش ئاگاداری ورد و درشتی بارودۆخی هەرێمی کوردستانن کە نوقمی گەندەڵی و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان و خراپی گوزەران و بارودۆخی خراپی هاوڵاتیان بووە، بەڵام غەمی هەرە گەورەی ئەمریکا یەکخستنی یەکێتی و پارتییە کە هیچیان تا ئەبەد ئەویتریان قبوڵ ناکات.
*بۆ عێراقیش کە لە ئێستادا لەوپەڕی شڵەژاوی سیاسیدایە دەیەوێت بەرەیەکی دژبەری ئێران بەخواستی ئەمریکا دروستبکات و عێراق بکاتە جێگرەوەی فەلەستین بۆ ململانێکان. ئەمەش ڕێخۆشکەر دەبێت بۆ زیاتر بەتاڵانبردنی سەروەت و سامانی ئەم وڵاتە و هاوکات گەمە سیاسییەکانی لەگەڵ ڕوسیا و چین و ئێران هاوشێوەی ئۆکرانیا بە بەشداری ڕاستەوخۆی تورکیا و ئیمارات و سعودیە فراوانتر بکات. چونکە هەست و سۆزی سونەی بەکۆی گشتی بەرامبەر بە ئیسرائیل لە ڕێگەی ئیخوانەکانەوە بەجۆریک لە جۆرەکان کۆنترۆڵکردووە، هاوکات دەیەوێت بۆ ئەم زستانە سەختە هیچ نەبێت نیوەی گازی سروشتی بۆ ئەوروپا فەراهەم بکات هەرچەندە ئەوە ئەگەرێکی زەحمەت دەبێت.
بۆیە ئەوەی دەبینرێت پلاسخارت ئەوەندەی غەمی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکایەتی لە ناوچەکەدا غەمی هیچ شتێکی تری نییە، چونکە ئامانجی سەرەتا و کۆتایی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و کارکردنە بۆ سود گەیاندن بە ئابوری و سیاسی ئەمریکا لەسەر حسابی هاوڵاتیانی عێراق و هەرێمی کوردستان. بۆیە ژیری نییە باوەڕکردن و شاگەشکە بوون بە خواست و بەڵێن و پلانەکانی ئەمریکا و پلاسخارت بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، چونکە ئەوەی لە کۆتاییدا باجەکەی دەدات هەر گەلانی عێراق و هەرێمی کوردستانن نەک چەند بەرپرسێکی هەلپەرست و بەرژەوەندی خواست.