١١ تشرینی یەكەمی ٢٠٢٢
سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤی کوردستان ڕایگەیاند: "ئەو دوو رۆژنامەوانەی دەستبەسەرکراون بەگوێرەی ماددەی دوو لە یاسای خراپبەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن دەستگیرکراون".
ئەمڕۆ سێشەممە، 11ی تشرینی یەکەمی 2022، مونا یاقو سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بە میدیاکانی ڕایگەیاند: "لە زیندانی ئاسایش چاویان بە هەردوو رۆژنامەوانەکە کەوتووە و دۆخیان باشە."
مونا یاقو لە کۆنگرەکەدا وتیشی: "هەردوو ڕۆژنامەوانەکە بەبێ ئەوەی ئازار بدرێن و بەشێوەیەکی ئاسایی لە سەیارەکەی خۆیاندا دەستگیرکراون و دواتر گوێزراونەتەوە بۆ ئۆتۆمبێلێکی دژەتیرۆر و رۆژی یەکشەممە کاتژمێر 12:00 هەردوو رۆژنامەوانەکە ڕادەستی ئاسایشی سلێمانی کراون و خۆیان وتیان دۆخیان باشە و بە باشی هەڵسوکەوتیان لەگەڵدا کراوە."
مونا یاقو ئەوەشی ڕاگەیاند: "هەردوو رۆژنامەوانەکە بەگوێرەی ماددەی 2ی یاسای قەدەخەکردنی خراپبەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن دەستبەسەرکراون، نەدەبوو دژەتیرۆر فەرمانی دەستگیرکردنەکە جێبەجێبکات، بەڵام رەنگە بە رێککەوت بینیبێتیان و فەرمانەکەیان جێبەجێ کردبێت".
لای خۆشیەوە ڕەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ بە میدیاکانی ڕاگەیاند: "کاتێک سکاڵا دژی رۆژنامەوانێک تۆماردەکرێت، دەبێت لەلایەن پۆلسیەوە ئاگاداربکرێتەوە و ئەگەر رۆژنامەوانەکە بەدەم سکاڵاکەوە نەچوو، ئەوکاتە ئەگەر دادوەر فەرمانی کرد بە دەستگیرکردنی رۆژنامەوانەکە، دەبێت ئەرکەکە لەلایەن پۆلیسەوە جێبەجێ بکرێت، نەوەک دژەتیرۆر یان هەر هێزێکی دیکە".
ئەو کەسەشی بە ماددەی 2ی یاسای قەدەخەکردنی خراپبەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن لە هەرێمی کوردستان سزابدرێت سزاکەی بەمشێوەیە دەبێت: "بۆ ماوەیەک بەند دەکرێت کە لە 6 مانگ کەمتر نەبێت و لە 5 ساڵیش زیاتر نەبێت؛ بەپێبژاردنێکیش سزا دەدرێت کە لە یەک ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆن دیناریش زیاتر نەبێت یان بە یەکێک لەو دوو سزایە سزادەدرێت."
ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی دووشەممە، 10ی تشرینی یەکەمی 2022، تۆڕی هەواڵی بوار بڵاویکردەوە، کە دوو رۆژنامەوانیان لەلایەن هێزێکی دژەتیرۆرەوە دەستگیرکراون و دواتر براون بۆ دەزگای دژەتیرۆر لە سلێمانی و لە زیندانی تاكەكەسی رایانگرتوون، سەرتیپ كەریم وەیسی سەرنوسەر و و ئیبراهیم عەلی بەڕێوەبەری نوسینی تۆڕی هەواڵی بوار بوون و لە ئێستادا دەستبەسەرن.