١١ تشرینی یەكەمی ٢٠٢٢
دوای ئەوەی بڕیاردرا رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو کۆبونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران بەڕێوەبچێت بافڵ تاڵەبانی بۆ مسۆگەرکردنی پۆستی سەرۆک کۆمار لەگەڵ لایەنەکانی عێراق کۆبویەوە، ڕاوێژکارێکی سەرۆک کۆماریش دەڵێت بەرهەم ساڵح نزیکترینە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە.
ئەمڕۆ سێشەممە 11ـی تشرینی یەکەمی 2022، نوسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە بافل تاڵەبانی لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی کاندید بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کۆبویەوە لە کۆبونەوەکەدا دوایین پەرەسەندنە سیاسییەکان و ھەنگاوەکانی پێکھێنانی حکومەتی نوێ و کۆتاییھێنان بە چەقبەستویی سیاسی لە عیراق تاوتوێ کرا و ھەردوولا جەختیان لە یەکخستنی ھەوڵە نیشتمانییەکان کردەوە لە پێناو دروستکردنی حکومەتێکی بەھێز و خزمەتگوزار.

دوای نزیکەی کاتژمێرێک لە کۆبونەوە بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ هادی عامری سەرۆکی ھاوپەیمانیی فەتح کۆبوەوە لە کۆبونەوەکەدا رەییان کلدانی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی بابلیونیش ئامادەبوو گفتوگۆ لەبارەی رەوینەوەی گرژییەکان و زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکان و قۆناغێکی نوێی سیاسی لە عیراق کرا و جەخت لە بەردەوامیی گفتوگۆی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکان کرایەوە لەپێناو پێکهێنانی حکومەتی نوێ، پاشان دواتریش لەگەڵ قەیس خەزعەلی کۆبوویەوە.

کۆبونەوەی بافڵ جەلال تاڵەبانی لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان دوای ئەوە دێت محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێڕاق ڕایگەیاند پێنجشەممەی داهاتوو کۆبونەوەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بەڕێوەدەچێت، ئەم هەوڵانەی سەرۆکی یەکێتیش بۆ مسۆگەرکردنی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆک کۆمارە
لە لایەکی دیکەوە ھاوژین عومەر، راوێژكار له سهرۆكایهتی كۆماری عێراق لە نوسینێکدا ڕایگەیاند: "دکتۆر بەرھەم ساڵح زۆرترین چانسی بردنەوەی ھەڵبژاردنەکەی ھەیە بۆ جاری دووەم و مەقبوولییەتێکی گەورەی لە ناو زۆرینەی لایەن و پەرلەمانتارەکانی عێراق ھەیە"
هاوژین ڕاشیگەیاندووە، "لە دەرەوەی پەرلەمانیش، بەڕێز موقتەدا سەدر و ڕەوتەکەی ڕەزامەندن لەسەر جارێکی دیکە ھەڵبژاردنەوەی دکتۆر بەرھەم ساڵح بە سەرۆک کۆمار و ھیچ گرفتێک لەوبارەیەوە نابینن".
دەشڵێت "بە پێی پێشبینی و خوێندنەوەکان، دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتارانی لایەنە کوردییەکان و چوارچێوەی ھەماھەنگی و ھەروەھا زۆرینەی پەرلەمانتارە سەربەخۆکان و نیوەی پەرلەمانتارانی سوننەش بۆ دکتۆر بەرھەم ساڵح مسۆگەر کراون".
ئاماژەی بە ئەوەشداوە: "پێدەچێت ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دیارترین ئامادەنەبووەکان بن و بەشداریی نەکەن، ئەویش بە ھۆی بوونی مەترسیی لە دەرنەچوونی کاندیدەکەیان ڕێبەر ئەحمەدە، یان بە ھۆی کشانەوە لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق"