مانگێکی دەستکرد ڕەوانەی بۆشای ئاسمان کرا

٢١ ئەیلوولی ٢٠٢٢

بڵاویبکەرەوە لە

چین سێیەمین مانگی دەستکردی "Yunhay-1"ی ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان کرد، کە چاودێری ژینگەی بەرگەهەوا و دەریا و بۆشایی ئاسمان دەکات.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 21ی ئەیلولی 2022، ئاژانسی هەواڵیی شینخوا ڕایگەیاند: "مانگی دەستکردی "Yunhay-1 03" بە موشەکی Long March-2D لە ناوەندی مانگی دەستکردی جیوچوەن لە باکوری خۆرئاوای چینەوە، رەوانەی بۆشایی ئاسمان کرا".

ئاماژە بەوەش کرا، دوای ڕەوانەکردنی مانگە دەستکردەکە گەیشتووەتە ئەو خولگەیەی بۆی دیاریی کراوە.

مانگە دەستکردەکە لەلایەن ئەکادیمی تەکنەلۆجیای فڕینی بۆشایی ئاسمانی شەنگهای (SAST)ەوە پەرەی پێ دراوە، بەمەبەستی توێژینەوەی زانستی و کاری خۆپاراستن لە کارەسات بەکاردەهێنرێت.

یەکەمین مانگی دەستکردی Yunhay-1 لە تشرینی دووەمی 2016دا و دووەمیشی لە ئەیلولی 2019دا، ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان کران.

بەم هەڵدانەی کۆتایی، موشەکی Long March ئەوە 438مین ئەرکە بە سەرکەوتووی بەجێگەیاند.