ئەو سێ کەسەی لە کەرکوک دەستدرێژییان کردە سەر منداڵێک لە سێدارەدەدرێن
١٤ ئەیلوولی ٢٠٢٢
بڵاویبکەرەوە لە
سەرچاوەیەکی دادوەریی عێراق ڕایگەیاند: "ئەو سێ کەسەی کە بەشێوەیەکی نامرۆڤانە دەستدرێژییان کردە سەر منداڵێک و دواتر کوشتیان، فەرمانی لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە".
ئەمڕۆ 14ـی ئەیلولی 2022، میدیاکانی عێراق بڵاویاکردەوە، فەرمانی لەسێدارەدان بۆ سێ کەس دەرچووە کە پێشتر بە تۆمەتی دەستدرێژیکردنە سەر منداڵێک بەناوی (ئەیوب ئەحمەد)ـی تەمەن 8 ساڵان و پاشان کوشتنی دەستگیرکرابوون.
میدیاکانی عێراق ئاشکراشیان کرد، ئەو فەرمانەی کە بۆ لەسێدارەدانی ئەو سێ تۆمەتبارە دەرچوە، بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقییە.
نزیکەی 5 مانگ پێش ئێستا، لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری کەرکوک، سێ کەس هەستان بە ڕفاندنی منداڵێک، بەگوێرەی زانیارییەکانی پۆلیس، ئەو سێ کەسە دەستدرێژییان کردبووە سەر ئەو منداڵە و پاشان کوشتبویان.