پرۆژەی گەیاندنی غاز بۆ ماڵان دەستپێدەکات

٨ ئەیلوولی ٢٠٢٢

بڵاویبکەرەوە لە

سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان ڕایگەیاند: گەیاندنی غاز بە بۆڕی بۆ ماڵان پڕۆژەیەکی درێژخایەنە و تەواوی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و لە پرۆژەکانی نیشتەجێبوونیش دەکرێت بە مەرج.

پێنج شەممە 8ی ئەیلوولی 2022، محه‌مه‌د شوكری سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان لە لێدوانێکیدا بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن وتی: پرۆژەی گەیاندنی غاز بە بۆڕی بۆ ماڵان، پرۆژەیەکی درێژخایەنە و ئێستا لە کەرتی وەبەرھێنان کراوە بە مەرج کە ھەر پرۆژەیەک دروستدەکرێت دەبێت سیستمی غاز و ئاو و کارەبای سۆلار بەشێوەی مەرکەزی لە پڕۆژەکەدا ھەبێت.

وتیشی: لە ئێستادا وەکو دەستەکە پێشنیاری خۆمان پێشکەشی چەند وەبەرهێنێک کردووە، بۆ ئەوەی پرۆپۆزەلی خۆیان پێشکەشبکەن، چونکە پرۆژەکە پێویستی بە عەمبار کردن و ڕاکێشانی بۆرییە.

لەلایەکی دیکەوە بۆ ئەوەی قەیرانی غاز دروستنەبێت لە ھەولێر بڕیاردراوە بە پسوڵەی خۆراک ھەر 15 رۆژ جارێک بتڵێک غاز بەسەر ھاوڵاتیاندا دابەشبکرێت و پڕۆسەکە دەستیپێکردووە و ناوچەکانی دەرەوەی شاری هەولێریش بەتایبەتی سنوری ماددەی 140 یش دەتوانن بە کۆبۆن غاز وەربگرن.