١ ئەیلوولی ٢٠٢٢
بە هەزاران ماسی مردوو کە ژەهراوی بوون لە کەناراوەکانی ویلایەتی کالیفۆرنیای باشوری ڕۆژئاوای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەدیکرا.
بە تایبەتی لە ناوچەی کەنداوی سان فرانسیسکۆ بای لە ئاکامی پیسبوونی دەریا و کەمبوونەوەی ڕێژەی ئۆکسجین لە ئاوەکەدا، مردنی بەکۆمەڵی ماسییەکان بینرا.
ماڵپەڕی رێکخراوی ژینگەیی خۆبەخشی سان فرانسیسکۆ بایکیپەر ڕایگەیاند: "لە سەرەتای هاوینی ئەمساڵ کە ژمارەیەکی زۆر لە قەوزە لە ناوچەکە دروست بووبوو و ئێستا کاریگەری لەسەر کەناراوەکانی دەوروبەری کەنداوی باکور و باشور و ناوەڕاستی سان فرانسیسکۆ دروست کردووە".
ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوە داوە، بەهۆی ئەو قەوزانەی کە لە کەنداوی سان فرانسیسکۆ بای دروست بوون و بە بەکارهێنانی ئۆکسجین لە ئاوەکەدا، ژەهر بەرهەم دەهێنن بوونەتە هۆی مردنی بەکۆمەڵی دەیان هەزار ماسی.
ڕێکخراوەکە ئامۆژگاری هاوڵاتییانی کردووە کە وریا بن لە خواردنی ئەو ماسییانە کە لەو ناوچانەدا ڕاودەکرێن، چونکە کاریگەری نەرێنی دەکاتە سەر تەندروستی مرۆڤ.
لە دەریاچەی مێریتیش مردنی بەکۆمەڵی ماسییەکان بەدیکرا
مردنی بەکۆمەڵی ماسییەکان لە دەریاچەی مێریت کە دەکەوێتە ناوچەی ئۆکلاند لە ویلایەتی کالیفۆرنیا، بەدیکرا.
جێف تایلۆر کە یەکێکە لە دانیشتووانی ناوچەکە لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاکان ڕایگەیاند: "ئێمە لەئێستادا لە قەیرانێکی جددیداین، لە ئەنجامی بوونی قەوزە زیانبەخشەکان لە دەریاچەکەدا، ماسییەکی زۆر گیانیان لەدەستداوە".
لەلایەکی دیکەوە زۆرێک لە سەردانیکەرانی دەریاچەی مێریت وێنە و ڤیدیۆی کارەساتی مردنی ماسییەکانیان گرت و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویان کردەوە.
لە هەندێک وێنەدا ئەو ماسییانەی کە نەیانتوانی لە ئاوە ژەهراوییەکەدا هەناسە بدەن، بە هێشتنەوەی سەریان لەسەر ڕووی ئاوەکە هەوڵی هەناسەدان دەدەن.