٢٣ ئابی ٢٠٢٢
ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکردنی 17 تیرۆریستی ڕاگەیاند، کە دووانیان ژنن و هەوڵیان داوە چەند بەرپرسێکی گەورەی پێشمەرگە تیرۆر بکەن و پلانیشیان بۆ تیرۆرکردنی بانگخوازی ئاینی مامۆستا فاتیح شارستانی دانابوو.
دەقی ڕاگەیەندراوەکەی ئاسایشی سلێمانی:
"17 تیرۆریستی شانەی نەنوستووی داعش لەلایەن ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی سەر بەدەزگای ئاسایشی ھەرێمەوە دەستگیرکران کە دوانیان ژنن .
تیرۆریستەکان لە سەربنەمای زانیاری ھەواڵگری و بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە ، لەچەند ھەڵمەتێکی جیادا لە سلێمانی ، چەمچەماڵ ، تەکیە ، باریکە دەستگیرکراون .
مەفرەزەی یەکەمی تیرۆریستە دەستگیراوەکان، کە پیلانیان دانابوو چەند ئەفسەرێکی باڵا لەھێزی پێشمەرگەو چەند مامۆستایەکی دیاری ئاینی تیرۆر بکەن .
گروپەکە پێکھاتوون لە ( 7 ) تیرۆریست کە لەڕێگای تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە دەکەونە ژێر کاریگەری فکری توندڕەوی داعش و بانگەشە بۆ بڵاوکردنەوەی کاروچالاکییەکانی تیرۆریستان دەکەن و دوای خۆڕێکخستنیان ، سەرەتا پیلان دادەنێن بۆ تیرۆرکردنی مامۆستا فاتیح شارستێنی بانگخواز و عەمید سەردار و موقەدەم رزگار حەمە ساڵح و بابان تەھا لە ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و تەقاندنەوەی چەند بارەگایەکی حزبی .
کەدوای بەدەستھێنانی بەڵگەی دروست و سەلمێنراو ، و زانیاری لەسەریان، پیلانی تەواویان داڕشتووە بۆ جێبەجێکردنی تیرۆرکردنی ژمارەیەک مامۆستا و زانای ئاینی کە داعش تەکفیریان کردوون و لەگەڵ ئەو ئەفسەر و پێشمەرگانەی ھێزی پێشمەرگە و ئاسایش کە بەشداربوون لە شەڕی ڕوبەڕوبوونەوەی تیرۆریستانی داعش تا ترس و دڵەڕاوکێ بڵاوبکەنەوە، پاش رەزامەندی بەڕێز دادوەر ئۆپراسیۆنی دەستگیرکردنی ئەندامانی مەفرەزە و گروپەکان دەستیپێکرد
ڕۆژی 14 ی ئابی 2022 لەناوبازاڕی سلێمانی لەئەسحابەسپی تیرۆریستی ھەرە تاوانبار ( ئاکام بەھادین ) ناسراو بە ئاکام کوردی لەگەڵ چەند تۆمەتبارێکی تر کە پیلانی تیرۆرکردنی مامۆستا فاتیح شارستێنی بانگخواز و ژمارەیەک ئەفسەر و پێشمەرگە دادەنێن و ناوبازاڕی سلێمانی و ئەسحابەسپی دەستنیشاندەکەن بۆ وەرگرتنی پارەو چەک و ئەنجامدانی چالاکییەک تا بەھۆی قەرەباڵغییەوە بتوان مەرامەکانیان جێبەجێ بکەن و ھەڵبێن .
ئەم تیرۆریستانە دەخرێتەژێرچاودێری و لەکاتی ھەوڵدانیان بۆ وەرگرتنی چەک و پارەکە و جێبەجێکردنی چالاکییەکەیان ھێزەکانمان جوڵەیان پێدەکرێت بۆ دەستگیرکردنیان لەو کاتەدا لە ئەسحابەسپی ، تیرۆریستان ڕوبەڕووی ھێزەکانمان دەبنەوەو تەقەکردن ڕودەدات و ئاکام بەھادین و تۆمەتبارێکی تر دەستگیردەکرێن و ژمارەیەک تیرۆریستیی تریش ھەڵدێن کە بەداخەوە بەھۆی ئەم ڕوداوەوە ھاووڵاتی ئەحمەد شەوکەت کە لەخێزانێکی دڵسۆزو خەباتگێڕن شەھید بوو .
پاشان لێکۆڵینەوەکان چڕترکرانەوەو تیرۆریستانی تر لەھەمان مەفرەزە لەچەند ئۆپراسیۆن و ھەڵەمەتێکدا دەستگیرکران" .