١٩ ئابی ٢٠٢٢
سەرۆکی ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە لە ڕاگەیەندراوێکدا كە ئاراستەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كردووە هۆشداری لە بابەتێکی مەترسیداری ژینگەیی دەدات و دەڵێت: "ڕۆژانە لە هەرێم بە درێژایی، دوو هەزار و 300 کیلۆمەتر سفرەی سەفەری (نایلۆن) فڕێدەدرێتە ناو سروشتەوە".
مەعروف مەجید، سەرۆکی رێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە لە نوسینێکدا ئاماژەی بەوەکردووە" ڕۆژانە، بە درێژایی، 2300 کیلۆمەتر سفرە فڕێدەدرێتە ناو سروشتەوە، ئەمە تەنها خێزانەکان، جگە لە چێشتخانە و فەرمانگە حکومییەکان و نەخۆشخانەکان و زیندانەکان و دەیان شوێنی تر، هەروەها ڕۆژانە زیاد لە حەوت هەزار تەن پاشماوە لە کوردستان بوونی هەیە (35%)ی پلاستیک و نایلۆنە".
لە کۆتاییشدا نوسیویەتی: "ئەوەی من باسم كردووە تەنها سفرەی سەفەرییە، جگە لە كیسی نایلۆن و دەبەی ئاوی پلاستیك و دەیان مەترسی تری پلاستیك كە بەبێ گوێدانە زیانەكانی لە بازاڕەكانی هەرێم هەڕاج دەكرێن و زۆرینەی بێبەرامبەر دەدرێت بە هاوڵاتیان، ئاخۆ كەی ڕۆژێك دێت ئێوەش وەكو وڵاتان بیر لە كەمكردنەوە یا قەدەغەكردنی مادە پلاستیكییەكان دەكەنەوە"
