١٤ ئابی ٢٠٢٢
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا، ئیدانەی ئەو هێرشە دڕندانەیەی کرد بۆ سەر سەلمان ڕوشدی، نوسەری بەریتانی، کە بە هۆی برینەکەیەوە هێشتا لە نەخۆشخانە دەمێنێتەوە، ئەمەش لە دوای ئەو هێرشەی بە چەقۆ کرایە سەری لە شاری نیویۆرک.
بایدن جەختی لەوە کردەوە، خۆی و ژنەکەی، خانمی یەکەمی ئەمریکا و هەموو ئەمریکییەکان و هەموو خەڵکی جیهان، بۆ چاکبوونەوەی ڕوشدی دەپاڕێنەوە.
بەهەمان شێوەش ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا وتی، "تێکۆشانی ڕوشدی تێکۆشانی ئێمەیە".
پۆلیسی نیویۆرک ڕایگەیاند، نوسەری ناودار سەلمان ڕوشدی، کە دەیان ساڵ پێش ئێستا لەلایەن ئێرانەوە هەڕەشەی کوشتنی لێکرا، ڕۆژی هەینی لەکاتی وانە وتنەوەدا لە ویلایەتی نیویۆرک هیرشی کرایە سەر بە چەقۆ.
بریکارەکەی ڕۆماننوس سەلمان ڕوشدی ئاشکرای کرد، ڕوشدی پێدەچێت چاوێکی لەدەست بدات، لە کاتێکدا کۆشکی سپی هێرشی سەر ڕۆماننووسەکەی بە ترسناک وەسف کرد.
ڕوشدی کە لە هیندستان لە دایک بووە، چەند ساڵێکی زۆر خۆی شاردبۆیەوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی ئێران فتوایەکی بڵاوکردەوە بۆ کوشتنی سەلمان ڕوشدی، لەسەر نوسین و وتارە بێڕێزەکانی بەرامبەر ئیسلام.