٨ تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان بڕیاری دا قەرزە دواکەوتووەکانی کرێی کارەبا بکەیتە قیستی درێژخایەن کە ماوەکەی تا 24 مانگ دەخایەنێت، ئەم بڕیارەش نزیکەی 30%ی ئەو هاوبەشانە دەگرێتەوە کە تا ئێستا قەرزەکانی پێش سیستەمی "ڕووناکی"یان نەداوەتەوە و یەکەم قیستیش دەخرێتە سەر پسوولەی ئەم مانگە.
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە پێشتر وەزارەتی کارەبا داشکاندنی لە قەرزەکان کردبوو و تێیدا ملیۆنێک هاوبەش سوودمەند بوون و بڕی 400 ملیار دینار لە قەرزی پێشووی هاووڵاتییان لێخۆشبوون کرا. لە ئێستادا زیاتر لە 500 هەزار هاوبەشی ڕووناکی قەرزیان لەسەر ماوە و خراونەتە سەر سیستەمی قیستی درێژخایەن، لەو ژمارەیەش 90 هەزار هاوبەش قەرزەکەیان کەمترە لە 5 هەزار دینار و بە یەک قیست قەرزەکانیان پاک دەبێتەوە. ئەو هاوبەشانەی قیستیان بۆ کراوە، لەمەودوا لە یەک پسوولەدا هەردوو کرێی مانگانەی کارەبا و قیستی قەرزەکەیان بۆ دێتەوە و پێویستە لە ماوەی 50 ڕۆژدا پارەکە بدەن.
بەپێی خشتەی نوێی قیستەکان بۆ پۆلە جیاوازەکان:
ماڵان و کشتوکاڵی: ماوەی قیستەکە تا 24 مانگ دەبێت؛ کەمترین بڕی قیستی مانگانە 20 هەزار دینار و بەرزترینیش 100 هەزار دینار دەبێت.
بازرگانیی بچووک: ماوەکە 12 مانگە و بەرزترین قیست 200 هەزار دینار دەبێت.
بازرگانیی گەورە و پیشەسازی: دەبێت لە ماوەی 6 مانگدا قەرزەکانیان بدەنەوە و کەمترین بڕی قیستیشیان 200 هەزار دینار دەبێت بێ ئەوەی سنوورێک بۆ بەرزترین بڕ دانرابێت.
جێگەی باسە، ئەگەر بەهۆی دیاریکردنی بەرزترین سنووری قیستەوە قەرزەکە لەو ماوەیەدا تەواو نەبوو، ئەوا ماوەی قیستەکە بۆ مانگەکانی دواتر درێژ دەکرێتەوە.
