قەیرانی پێکهێنانی حکومەتی نوێ دەستپێدەکاتەوە

٣١ تشرینی یەكەمی ٢٠٢٦

بڵاویبکەرەوە لە

دەستەی هەڵبژاردنی ئیسرائیل: نەتەنیاهوو و بەرەی ئۆپۆزسیۆن نەیانتوانی زۆرینەی پەرلەمان بەدەستبهێنن.

ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئیسرائیل دوای جیاکردنەوەی 99%ی دەنگەکان دەریدەخەن کە بنیامین نەتەنیاهوو و بەرەی ڕکابەرەکەی، گادی ئیزنکۆت، سەرۆکی پێشووی ئەرکانی سوپا، نەیانتوانیوە زۆرینەی ڕەهای کورسییەکانی کەنێسێت (61 کورسی) بۆ پێکهێنانی حکوومەت مسۆگەر بکەن.

بەپێی ئەنجامەکان، بەرەی ڕاستڕەوی نەتانیاهۆ لە کۆی 120 کورسیی کەنێسێت 53 کورسی بەدەستهێناوە، لە کاتێکدا بەرەی ئۆپۆزسیۆنی «بەرەی گۆڕانکاری» بە سەرۆکایەتیی ئیزنکۆت 48 کورسی بردووەتەوە، هاوکات پارتە عەرەبییەکان لە سەرکەوتنێکی بێوێنەدا توانیویانە 19 کورسی مسۆگەر بکەن کە ئەمەش وایان لێدەکات ببنە کلیلی یەکلاکردنەوەی هاوکێشەکە، هەرچەندە زۆربەی پارتە جووەکان پێشوەختە ڕەتیانکردووەتەوە هاوپەیمانی لەگەڵ پارتە عەرەبییەکان پێکبهێنن.

ڕێژەی بەشداری لەم هەڵبژاردنەدا گەیشتە 77.7% کە بەرزترین ئاستە لە ماوەی زیاتر لە 20 ساڵی ڕابردوودا، ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل ڕایگەیاند دوای گەیشتنی ئەنجامە فەرمییەکان، دەست بە ڕاوێژ لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان دەکات بۆ دیاریکردنی کەسێک بە مەبەستی پێکهێنانی کابینەی نوێ، هاوکات هۆشداریشی دا کە پێویستە هەموو هەوڵێک بدرێت بۆ ئەوەی وڵاتەکە بەرەو هەڵبژاردنێکی دیکە نەڕواتەوە.

لە کاتێکدا ژماردنی نزیکەی 480 هەزار دەنگی تایبەت (سەربازان، دیپلۆماتکاران و نەخۆشەکان) بەردەوامە و ئەگەری هەیە گۆڕانکاری لە کورسییەکان دروست بکات، هەردوو سەرکردە، نەتانیاهۆ و ئیزنکۆت، خۆیان بە شایستە دەزانن بۆ پێکهێنانی حکوومەت، لە لایەکی دیکەشەوە پارتی لیکود پارتە عەرەبییەکانی بە بەکارهێنانی پارەی دەرەکی و ساختەکاری تۆمەتبار کردووە و داوای لێکۆڵینەوەی کردووە، بەڵام لایەنە عەرەبییەکان و وەزارەتی دەرەوەی قەتەریش ئەو تۆمەتانەیان بە تەواوی ڕەتکردووەتەوە.