بەلەمێکی کۆچبەران بە ئاڵای کوردستانەوە دەپەرێتەوە

٣٠ تشرینی یەكەمی ٢٠٢٦

بڵاویبکەرەوە لە

بەلەمێکی کۆچبەران بە ڕەنگی ئاڵای کوردستانەوە بەرەو بەریتانیا بەڕێکەوت؛ کاردانەوەی سیاسیی لێکەوتەوە
بەلەمێکی تایبەت دروستکراوی کۆچبەران کە بە ڕەنگەکانی سوور، سپی، سەوز و هێمای خۆری ئاڵای کوردستان نەخشێندراوە، لە کەناراوەکانی بەلجیکاوە بەرەو بەریتانیا بەڕێکەوت، ئەمەش کاردانەوەی توندی سیاسیی لە بەریتانیا لێکەوتەوە و وەک ئاماژەیەک بۆ گرووپە قاچاخچییە کوردییەکان لە کەناڵی ئینگلیز لێکدرایەوە.
بەپێی زانیارییەکان، بەلەمەکە لە کاتژمێر 3ی بەیانی لە کەناراوێکی نزیک سنووری فەرەنسا بەڕێکەوتووە، لە کاتێکدا شاهێدحاڵێک ڕایگەیاندووە پۆلیسی بەلجیکا لە نزیکەوە وەستاوە و هیچ ڕێگرییەکی لێ نەکردوون، هاوکات کەشتییەکی هێزەکانی پاراستنی سنووری بەریتانیا بە ناوی (BSC Courageous) لە دەریای مانش لە ڕۆژهەڵاتی کالی چاودێریی ڕەوشەکەی کردووە.
کریس فیلپ، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی سێبەری پارتی پارێزگاران، ڕەخنەی توندی لە حکوومەت گرت و ڕایگەیاند، قاچاخچییە کوردەکان لە ڕێگەی بەکارهێنانی ئەو بەلەمەوە ڕاستەوخۆ گاڵتە بە پلانەکانی حکوومەت دەکەن، داواشی کرد بەریتانیا لە پەیماننامەی ئەوروپی بۆ مافەکانی مرۆڤ دەربچێت تا بتوانێت دەستبەجێ کۆچبەران دیپۆرت بکاتەوە، لە لایەکی دیکەشەوە نایجڵ فەراج، سەرۆکی پارتی ڕیفۆرم، بەرپرسانی فەرەنسا و بەلجیکای بە کەمتەرخەمی تۆمەتبار کرد بەرامبەر بەم دیاردەیە.
بەپێی لێدوانی بەرپرسانی ئاژانسی نیشتمانیی تاوان لە بەریتانیا (NCA)، کوردی عێراق و ئەفغانییەکان زۆرترین بەشدارییان لە باندەکانی قاچاخچێتیکردن بە مرۆڤ لە کەناڵی ئینگلیزدا هەیە، لە ساڵی 2024یش دادگای شاری لیلی فەرەنسی سزای 15 ساڵ زیندانیی بەسەر میرخان ڕەسووڵ، سەرۆکی تەمەن 26 ساڵی باندێکی قاچاخچێتی کە زۆربەیان کوردی عێراق بوون سەپاند، کە بە بەرپرسیاری گواستنەوەی 10 هەزار کۆچبەر دادەنران.
لە لایەن خۆیەوە گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا ڕایگەیاند، هەوڵە هاوبەشەکانیان لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان توانیویەتی ڕێگری لە زیاتر لە 50 هەزار هەوڵی پەڕینەوە بگرێت و دەست بەسەر 1,100 بەلەم و بزوێنەردا بگرێت، هەروەها ژمارەی ئەفسەرانیان لە فەرەنسا زیاد دەکەن بۆ ڕێگریکردن لەم پەڕینەوە مەترسیدارانە.