٣٠ تشرینی یەكەمی ٢٠٢٦
داهاتی هەفتەی ڕابردووی سلێمانی زیاتر لە 20% کەمی کردووە
داهاتی نانەوتیی هەفتەی ڕابردووی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، لەگەڵ هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین و گەرمیان، بەراورد بە هەفتەی پێشتر بە ڕێژەی زیاتر لە 20% دابەزینی بەخۆوە بینیوە و گەیشتووەتە زیاتر لە 12 ملیار دینار.
بەپێی داتاکانی ماڵپەڕی شەفافیەت، کە لە لایەن نووسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە سەرپەرشتی دەکرێت، کۆی داهاتی نانەوتیی هەفتەی ڕابردووی ناوچەکە بڕی 12 ملیار و 150 ملیۆن و 220 هەزار و 74 دینار بووە، لەو بڕەش 87%ی بە شێوەی نەختینە و 13%ی بە شێوەی چەک وەرگیراوە.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی ماڵپەڕەکە، ئەم داهاتە بەراورد بە هەفتەی پێشتر کەمبوونەوەیەکی بەرچاوی تۆمار کردووە، لە کاتێکدا داهاتی هەفتەی پێشووتر گەیشتبووە 15 ملیار و 194 ملیۆن و 12 هەزار دینار، بەمەش داهاتی هەفتانە زیاتر لە 3 ملیار دینار کەمی کردووە.
