فرۆشتنی دەرمان بە ئۆنلاین قەدەغە کرا

٢٩ تشرینی یەكەمی ٢٠٢٦

بڵاویبکەرەوە لە

وەزارەتی تەندروستی فرۆشتنی دەرمان بە ئۆنلاین قەدەغە دەکات و هۆشداری دەداتە سەرپێچیکاران
وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا بە قەدەغەکردنی کڕین و فرۆشتنی هەر جۆرە دەرمانێک لە ڕێگەی ئۆنلاین و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، هاوکات هۆشدارییەکی توندی دایە هاووڵاتییان سەبارەت بە مەترسییە تەندروستییەکانی بەکارهێنانی دەرمان و بەرهەمەکانی کێشدابەزاندن و قەڵەوبوون، جەختیشی کردەوە کە دەرمان تەنها دەبێت بە ڕەچەتەی پزیشکی پسپۆڕ و لە دەرمانخانە مۆڵەتپێدراوەکانەوە دابین بکرێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتەکە، لە سۆنگەی پاراستنی ئاسایشی تەندروستیی نیشتمانی و سەلامەتیی گشتی، هەموو جۆرە بازرگانییەکی دەرمان لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە بە نایاسایی هەژمار دەکرێت و تیمەکانی چاودێری ڕێکاری توندی یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگرنەبەر و ڕەوانەی دادگایان دەکەن، ڕوونیشیکردەوە کە دەرمانەکانی لاوازکردنی سەر هێڵ بەهۆی بوونی هاندەری کیمیایی توند، دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی مەترسیداری پەستانی خوێن، تێکچوونی لێدانی دڵ، جەڵتە و زیانگەیاندن بە جگەر و گورچیلە، هەروەها دەرمانەکانی قەڵەوبوونیش ڕێژەیەکی زۆری کۆرتیزۆن و ستیرۆیدی نائاسایییان تێدایە کە بەرگریی لەش تێکدەدەن.
ئەم هەنگاوەی وەزارەتی تەندروستی لە کاتێکدایە کە لە ماوەی ڕابردوودا ساغکردنەوەی گیادەرمان و بەرهەمی نایاسایی لە پلاتفۆرمەکانی وەک تیکتۆک و ئینستاگرام زیادی کردبوو، لەو چوارچێوەیەشدا کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان (KMCA) ڕێکارەکانی بۆ ڕێگریکردن لە دەرمانی قاچاخ و بێمۆڵەت توندتر کردووەتەوە تا بەبێ پشکنینی تاقیگەیی نەگەنە دەستی هاووڵاتییان.