٢٨ تشرینی یەكەمی ٢٠٢٦
وەزارەتی ناوخۆ: ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا دەستی بەسەردا دەگیرێت و ڕێنمایی نوێ دەردەچێت
وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی شۆفێران کرد سەبارەت بەو ئۆتۆمبێلانەی بەبێ تابلۆی فەرمی و تەنها بە سیستەمی «کۆد» لەسەر شەقامەکاندا دەجووڵێنەوە، جەختیشی کردەوە کە هەر ئۆتۆمبێلێک بەدەر لە ڕێنماییەکانی هاتووچۆ بێت، دەستبەجێ دەستی بەسەردا دەگیرێت و لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵ خاوەنەکەی دەکرێت.
ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە بەشێکی زۆر لە ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان، بەتایبەت ئەو جۆرانەی لە ناو خەڵکدا بە «مەلیکە» ناسراون، لە پشکنینە تەکنیکییەکاندا دەرنەچوون و هیچ مەرجێکی سەلامەتییان تێدا نییە، ئاماژەی بەوەش کرد کە پێشتر هەوڵی بنبڕکردنیان دراوە، بەڵام لە هەندێک ناوچە پرسەکە کراوەتە موزایەدەی سیاسی و بە نایاسایی کۆدیان پێدراوە.
وەزیری ناوخۆ ئاشکراشی کرد کە لە ئێستادا سەرقاڵی داڕشتنی ڕێنماییەکی نوێن تا بە تەواوی میکانیزمی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ئۆتۆمبێلانە یەکلایی بکرێتەوە کە بە شێوەیەکی یاسایی هاوردە کراون بەڵام مەرجەکانی سەلامەتییان تێدا نییە، بە مەبەستی دانانی سنوورێکی یەکلاکەرەوە بۆ ئەو پرسە.
