٢٨ تشرینی یەكەمی ٢٠٢٦
وەزارەتی دارایی و ئابووری لەگەڵ ئەنجوومەنی ڕاژەی گشتیی هەرێمی کوردستان ڕەشنووسی ڕێنماییەکانی بەگەڕخستنەوەی پڕۆسەی «لەجێگەدانان»یان ئامادە کرد، بە مەبەستی پڕکردنەوەی شوێنی ئەو مامۆستا و فەرمانبەرە گرێبەستانەی وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا کە بەهۆی خانەنشینبوون یان کۆچی دواییەوە خزمەتەکەیان کۆتایی هاتووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دارایی، لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی نێوان لیژنەی باڵای ڕێنماییەکان لە وەزارەتەکە و ئەنجوومەنی ڕاژەی گشتی، ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە 303ی ئەنجوومەنی وەزیران خرایە بەرباس کە لە 16ی ئەیلوولی ئەمساڵ دەرچووبوو، کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە داڕشتنی میکانیزمی دووبارە پڕکردنەوەی شوێنی ئەو وانەبێژ و فەرمانبەرە گرێبەستانەی کە پێشتر لەسەر داهاتی ناوخۆ دامەزرابوون، بەڵام بەهۆی خانەنشینبوون، دەستلەکارکێشانەوە، کۆچی دوایی یان هەر هۆکارێکی دیکە لە کارەکانیان دابڕابوون.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت کراوەتەوە کە دوای گفتوگۆیەکی ورد، ڕەشنووسی ڕێنماییەکان لە لایەن هەردوولاوە واژۆ کراوە تا ڕەوانەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بکرێت بۆ پەسەندکردنی کۆتایی، پڕۆسەکەش لەسەر بنەمای ڕەخساندنی هەلی یەکسان و پڕکردنەوەی شوێنە بەتاڵەکان بە کەسانی شایستە و بەپێی پێوەرە فەرمییەکان جێبەجێ دەکرێت.
