پشکی بودجەی هەرێم لە بەغدا تاوتوێ دەکرێت

٢٨ تشرینی یەكەمی ٢٠٢٦

بڵاویبکەرەوە لە

ئەمڕۆ چوارشەممە 28ی تشرینی یەکەمی 2026، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ساز دەکات و تێیدا چەندین تەوەری هەستیار لەبارەی پەیوەندییە دارایی و نەوتییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوێ دەکرێن.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕایگەیاند کە لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، شاندی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان ڕاپۆرت و ئەنجامی دوا کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵ دەخەنە ڕوو، کە لە 24ی ئەم مانگە تایبەت بە بڕگە پێشنیازکراوەکانی ماددەی 10ی ڕەشنووسی بودجە بەڕێوەچوو بوو.
لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەشدا، ئەنجوومەنی وەزیران هەڵسەنگاندن بۆ ئەنجامی سەردانی شاندی باڵای حکوومەتی فیدراڵ دەکات بە سەرۆکایەتیی جێگری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری وزە و بەشداریی وەزیرانی نەوت و کارەبا، کە تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن لەسەر دۆسیەکانی نەوت، وزە و ڕێکخستنیان لە چوارچێوەی ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵیدا.