٢٧ تشرینی یەكەمی ٢٠٢٦
دارایی هەرێم: وردبینیی لیستی مووچە لە بەغدا ئەمڕۆ تەواو دەبێت و ناردنی پارە دواناکەوێت
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشبینی دەکات پڕۆسەی پێداچوونەوە و ڕەوانەکردنی پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە لایەن بەغداوە دواکەوتنی زۆری تێدا ڕوونەدات، هاوکات ئاشکرای کرد کە وردبینیی لیستەکان لە قۆناغی کۆتاییدایە.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە سەرەڕای ڕادەستکردنی لیستی مووچە لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوودا، بەڵام تا ئێستا پڕۆسەی پێداچوونەوە لە بەغدا بەردەوامە و بڕیارە ئەمڕۆ تەواو بێت، هەروەها دوای پەیوەندیکردن بە وەزارەتی دارایی عێراقەوە، پشتڕاست کراوەتەوە کە وردبینییەکە لە لایەن بەشی موازەنەی وەزارەتەکەوە بەڕێوە دەچێت.
بەرپرسانی دارایی هەرێمی کوردستان گەشبینیی خۆیان لەبارەی کاتی خەرجکردنی پارەکە دەربڕیوە، سەرچاوەکە جەختی لەوە کردەوە کە پێشبینی ناکرێت پێداچوونەوە و ناردنی شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێم وەک مانگەکانی پێشوو دوابکەوێت یان بکەوێتە دوای تەواوبوونی تەمویلکردنی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکانی دیکەی عێراق.
