٢٧ تشرینی یەكەمی ٢٠٢٦
خۆراکی سلێمانی: کێشەی برنج لە ڕێگەی بەندەری عەقەبەوە چارەسەر دەکرێت
بەڕێوەبەرایەتیی دابەشکردنی خۆراک و بازرگانیی سلێمانی ڕایگەیاند کە بەهۆی ئاڵۆزییە سەربازی و ئەمنییەکانی گەرووی هورمز کێشە لە گەیشتنی باری برنج دروستبووە، بەڵام بۆ دەربازبوون لەو ئاستەنگە گواستنەوەی بارەکان لە ڕێگەی بەندەری عەقەبەوە دەستی پێکردووە و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا کێشەکە بە تەواوی چارەسەر دەبێت.
کامەران فەتاح، بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراک و بازرگانیی سلێمانی دڵنیایی دایە هاووڵاتییان کە ئەم دواکەوتنە نابێتە هۆی پچڕانی بەشەخۆراکی مانگانە، لە کاتێکدا پێداویستیی مانگانەی پارێزگاکە 6 هەزار تەن برنجە.
ناوبراو ئاشکراشی کرد کە گرێبەستێکی نوێی هاوردەکردنی 10 هەزار تەن برنج پەسەند کراوە و بۆ بنبڕکردنی گرفتەکە ڕاستەوخۆ دەست بە گواستنەوەی دەکرێت، جەختیشی کردەوە کە سەرجەم ماددەکانی دیکەی بەشەخۆراکی مانگانە بەردەستن و هیچ گرفتێکی کەمییان لە کۆگاکاندا نییە
