وادەی 50 ڕۆژ بۆ پارەدانی پسوولەی کارەبا

٢٦ تشرینی یەكەمی ٢٠٢٦

بڵاویبکەرەوە لە

پڕۆژەی ڕووناکی: هەر هاوبەشێک لە ماوەی 50 ڕۆژدا پارەی کارەبا نەدات دەپچڕێت
بەڕێوەبەرایەتیی پڕۆژەی ڕووناکی ئاگادارییەکی فەرمیی ئاراستەی سەرجەم هاوبەشانی کارەبا کرد و ڕایگەیاند کە پێویستە لە ماوەی 50 ڕۆژدا لە ڕێگەی سیستەمی ئەلیکترۆنیی (ئی-پسوولە)ـوە شایستە داراییەکانی کارەبا بدەن، بە پێچەوانەوە ڕێکاری بڕینی کارەبایان بەسەردا جێبەجێ دەکرێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، وادەی 50 ڕۆژەکە لە ڕێکەوتی دەرچوونی پسوولەکەوە لەسەر سەکۆی «ئی-پسوولە» هەژمار دەکرێت نەک لە کاتی گەیشتنی پسوولەی کاغەزی، لە کاتی پچڕانی کارەباشدا بەهۆی دواکەوتنی پارەدانەوە، پڕۆسەی گەڕانەوەکەی تەنها دوای دانەوەی تەواوی قەرزەکان دەست پێ دەکات و بە گشتی تا 24 کاتژمێر دەخایەنێت، لە هەندێک حاڵەتیشدا، بەتایبەت ئەگەر پارەکە لە ڕێگەی کارمەندی کۆکەرەوەوە درابێت، ڕەنگە زیاتریش بخایەنێت.
پڕۆژەی ڕووناکی داوا لە هاووڵاتییان دەکات مانگانە لە ڕێگەی سەکۆکەوە چاودێریی پسوولەکانیان بکەن و یەکەکانیان لە ماڵپەڕی فەرمیی پڕۆژەکەدا تۆمار بکەن تا بەردەوام لە زانیاریی نوێ ئاگادار بن، هاوکات نوێترین پسوولەی کارەبا بۆ زۆربەی هاوبەشان لە سیستەمەکەدا بەردەست خراوە، ئەم پڕۆژەیەش بەشێکە لە هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری لە ڕێگەی پێوەری زیرەک و ڕێکخستنەوەی سیستەمی دابەشکردنەوە.