ململانێی توند لەسەر داهاتووی سیاسیی ئیسرائیل

٢٦ تشرینی یەكەمی ٢٠٢٦

بڵاویبکەرەوە لە

هەڵبژاردنی ئیسرائیل کۆدەنگی لەسەر ڕەتکردنەوەی دەوڵەتی فەلەستین و ململانێ لەسەر دەسەڵاتە ناوخۆییەکان

لە گەرمەی ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی گشتی لە ئیسرائیل، بەرەی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن سەرەڕای ناکۆکییە ناوخۆییە توندەکانیان، کۆدەنگن لەسەر بەردەوامیدان بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و ڕەتکردنەوەی چارەسەری دوو دەوڵەت بۆ پرسی فەلەستین.

پێچەوانەی چاوەڕوانییە دەرەکییەکان، بەرەی دەسەڵات بە ڕابەرایەتیی بنیامین ناتانیاهۆ و سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆن وەک گادی ئایزنکۆت، یائیر گۆلان و نەفتالی بێنێت، هاوڕان لەسەر ڕەتکردنەوەی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین و جەخت لە کۆنترۆڵی ئەمنی دەکەنەوە، لە کاتێکدا لایەنە ڕاستڕەوە توندڕەوەکانی وەک پارتەکەی بێتسالیل سمۆتریچ داوای هەڵوەشاندنەوەی فەرمیی ڕێککەوتنەکانی ئۆسلۆ و فراوانکردنی نیشتەجێکردنی جولەکەکان دەکەن.

خاڵە سەرەکییەکانی کێبڕکێی هەڵبژاردن لە دەوری سێ پرسە ناوخۆییەکە چڕ بوونەتەوە:

سەربازیی زۆرەملێ بۆ حاریدییەکان: پرسی ناچارکردنی جوولەکە ئۆرتۆدۆکسەکان (حاریدی) بۆ خزمەتی سەربازی ناکۆکیی قووڵی دروستکردووە، ناتانیاهۆ بەهۆی پاراستنی هاوپەیمانێتییەکەی لەگەڵ پارتە ئایینییەکان هەوڵی بەخشینیان دەدات لە سەربازی، لە بەرامبەردا ئۆپۆزسیۆن تۆمەتباری دەکات بەوەی بووەتە بارمتەی هەڵاتووان لە خزمەتی سەربازی.

دەستکاریکردنی سیستەمی دادوەری: پڕۆژەکەی ناتانیاهۆ بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی دادگای باڵا و دادوەری وڵاتەکە شەقامی دابەش کردووە، لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن بەڵێنیان داوە دەستبەجێ دوای بردنەوە سەرجەم یاساکانی چاکسازیی دادوەری هەڵبوەشێننەوە.

لێکۆڵینەوە لە شکستی 7ی ئۆکتۆبەر: پرسی دیاریکردنی بەرپرسیارێتیی سیاسی لە شکستی ئەمنیی بەرامبەر هێرشەکەی ساڵی 2023 تەواوی کەمپینەکانی داگیرکردووە، نەیارانی ناتانیاهۆ داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی فەرمیی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ دەکەن بۆ لێپرسینەوە لە کەمتەرخەمییەکانی، لە کاتێکدا سەرۆکوەزیران هەوڵی دواخستن و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی ئەو لێکۆڵینەوانە دەدات.