مۆڵەت و ساڵانەی ئۆتۆمبێل دەکرێتە دیجیتاڵی

٢٥ تشرینی یەكەمی ٢٠٢٦

بڵاویبکەرەوە لە


بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان دەستپێکردنی پڕۆسەی بەدیجیتاڵکردنی مۆڵەتی شۆفێری و ساڵانەی ئۆتۆمبێلی ڕاگەیاند، هاوکات ئاشکرای کرد کە دانانی کامێراکانی خاڵ بۆ خاڵ سەرپێچییەکانی بە ڕێژەی 75% کەمکردووەتەوە.

سۆران سادق، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی هاتووچۆی هەرێم ڕایگەیاند کە پڕۆسەی بەدیجیتاڵکردنی ساڵانە و مۆڵەتی شۆفێری دەستی پێکردووە و هاوشێوەی سیستەمی ئەڵمانی دەکرێنە کارتی پلاستیکی، سەبارەت بە بەستنەوەی سیستەمی سەرپێچی لەگەڵ بەغداش، ئاماژەی بەوە کرد کە ڕەشنووسەکە لە قۆناغی ئامادەکاریدایە و تا ئێستا واژۆی کۆتایی لەسەر نەکراوە.

ناوبراو ڕوونی کردەوە کە بەهۆی کامێراکانی خاڵ بۆ خاڵەوە ڕێژەی سەرپێچییەکان 75% دابەزیوە، ئەمەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی بەرچاوی ڕووداوەکان و قوربانییان سەرەڕای زیادبوونی ئۆتۆمبێل، هاوکات هۆکاری قەرەباڵغیی شەقامەکانی هەولێری بۆ پێگەی پایتەخت، زۆریی مامەڵەی ڕۆژانە و خواستی هاووڵاتییانی عەرەب بۆ تابلۆی هەولێر گەڕاندەوە، جەختیشی کردەوە کە بە هیچ جۆرێک تابلۆ بە ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا نادرێت و تەنها ئەو ئۆتۆمبێلانە تۆمار دەکرێن کە بە فەرمی لە سنوورەکانەوە هاوردە کراون.