٢٥ تشرینی یەكەمی ٢٠٢٦
شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان فەڕەنسای گرتەوە؛ لە پاریس و مارسیلیا پێکدادان لە نێوان پۆلیس و خۆپیشاندەران دروستبوو
سەدان هەزار هاووڵاتی لە چەندین شاری فەڕەنسا ڕژانە سەر شەقامەکان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی دژ بە گرانیی بژێوی ژیان و زیادبوونی جیاوازیی چینایەتی، بەپێی ئاماری وەزارەتی ناوخۆ زیاتر لە 410 هەزار کەس بەشدارییان کردووە، لە کاتێکدا سەندیکاکان ژمارەکە بە دوو هێندە دەخەمڵێنن.
سەرەڕای ئەوەی ڕێپێوانەکان بە شێوەیەکی گشتی ئاشتییانە بەڕێوەچوون، بەڵام لەگەڵ تاریکبوونی شەودا گرژی و پێکدادانی توند لە پاریس، مارسیلیا و چەند شارێکی دیکە لە نێوان گەنجانی دەمامکدار و هێزە ئەمنییەکان سەریهەڵدا، پۆلیسی پاریس گازی فرمێسکڕێژ و ئاوی گەرمی بۆ بڵاوەپێکردنی ناڕازییان بەکارهێنا، لە مارسیلیاش ئاگر لە بەرمیلەکانی خۆڵبەرکردن بەردرا و بەرد و شووشە ئاراستەی هێزەکان کرا، هاوکات چەندین فرۆشگا تاڵان کران.
دەسەڵاتدارانی فەڕەنسا زیاتر لە 70 هەزار پۆلیس و جەندرمەیان لە سەرانسەری وڵاتدا بڵاوە پێکرد و ناوەندی پاریس ڕووبەڕووی دۆخێکی نیمچە کەرەنتین بووەوە، بە جۆرێک دەرگای زیاتر لە 20 وێستگەی میترۆ و مۆزەخانە بەناوبانگەکانی وەک لۆڤەر و ئۆرسای داخران، لۆران نونێز، وەزیری ناوخۆی فەڕەنساش هۆشداری دا لە دروستبوونی گرووپی مەترسیدار لە لایەن چەپڕەوە توندڕەوەکان و تێکدەران لە ناو خۆپیشاندانەکاندا، هاوکات لەگەڵ سەرکێشیی گرووپە ڕاستڕەوەکانیش لە شارەکانی نیس و مۆنپێلیێ.
شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان کە لە کێشەی خوێندکارانی ناوەندەکانەوە سەریهەڵداوە، سنوورەکانی فەڕەنسای تێپەڕاندووە و پێکدادانی هاوشێوە لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا و چەند شارێکی ئیتاڵیا و ئەلبانیاش تۆمار کراوە، لە بەرامبەردا ژان لوک میلانشۆن، سەرکردەی چەپڕەوەکان ڕایگەیاند کە ناڕەزایەتییەکان بەردەوام دەبن تا ئەو کاتەی ماکرۆن بە داواکارییەکانی خەڵکدا دەچێتەوە، خۆپیشاندەرانیش هۆشداری دەدەن لە سەرکوتکاری و هەڵکشانی ڕاستڕەوە توندڕەوەکان.
