٢٤ تشرینی یەكەمی ٢٠٢٦
واشنتۆن چەندین ساڵە داوا لە ئیلۆن مەسک دەکات خزمەتگوزاریی ستارلینک لە ئۆکرانیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستکاری بکات
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسانی پێشووی باڵای ئەمریکاوە ئاشکرای کرد کە ئیدارەکانی بایدن و ترەمپ لە چەندین قۆناغی جیاوازدا ڕاستەوخۆ داوایان لە کۆمپانیای سپەیس ئێکس کردووە خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی مانگی دەستکردی «ستارلینک» لە ناوچە جیاوازەکانی جیهاندا کارا بکات یان بیبڕێت، ئەمەش بە مەبەستی گونجاندنی خزمەتگوزارییەکە لەگەڵ ئامانجە سیاسی و سەربازییەکانی واشنتۆندا.
بەپێی زانیارییەکان، لە سەردەمی سەرۆکایەتیی جۆ بایدندا، کۆشکی سپی داوای لە مەسک کردووە خزمەتگوزارییەکە لە یەمەن و لوبنان ببڕێت تا گرووپە چەکدارەکانی وەک حووسییەکان و حزبوڵڵا نەتوانن بۆ پەیوەندییە سەربازییەکانیان بەکاریبهێنن، لە بەرامبەردا لە ئۆکرانیا کارا کرا بۆ پاڵپشتیی سوپای ئەو وڵاتە، هەروەها لە سەردەمی بایدن و ئیدارەی دۆناڵد ترەمپیشدا لە ساڵانی 2025 و 2026، داوا لە مەسک کراوە ستارلینک بۆ ناڕازییان لە ناوخۆی ئێران بەردەست بکات.
ئەم ئاشکراکردنە هاوکاتە لەگەڵ دروستبوونی گرژی لە نێوان واشنتۆن و کیێڤ، دوای ئەوەی ڤلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند کە هێڵەکانی سیستەمی سەربازیی ستارشیڵد بە ئەنقەست خاوکراونەتەوە و کاریگەریی نەرێنییان لەسەر فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانیان لە بەرەکانی جەنگ دروستکردووە، لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوە کردووە کێشەکە چارەسەر دەکات و مەسکیش ڕایگەیاندووە کە کۆنترۆڵی سیستمە سەربازییەکە لە دەستی پنتاگۆن و سەرۆکی ئەمریکادایە.
