شاندی هەرێم و بەغدا لەسەر بودجە کۆدەبنەوە

٢٤ تشرینی یەكەمی ٢٠٢٦

بڵاویبکەرەوە لە

شاندی هەرێمی کوردستان بۆ یەکلاییکردنەوەی پشکی بودجە و مووچە لە بەغدایە
شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی ئەنجامدانی دوایین گەڕی گفتوگۆکان گەیشتە بەغدا و لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق و تیمی تەکنیکیی وەزارەتەکە کۆدەبێتەوە، ئەمەش بە ئامانجی یەکلاییکردنەوەی پشکی هەرێمی کوردستان لە ڕەشنووسی یاسای بودجەدا.
لە کۆبوونەوەکاندا پرسی دەستکاریکردن و کەمکردنەوەی پشکی هەرێم تاوتوێ دەکرێت، هاوکات شاندەکەی هەرێم داواکاریی فەرمیی تایبەت بە دامەزراندنی فەرمانبەرانی گرێبەست، دەرچووانی بەشە پزیشکییەکان، و هاوتاکردنی مووچەی کەسوکاری شەهیدان و پێشمەرگەی ڕادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵ کردووە.
کەمکردنەوەی پشکی هەرێمی کوردستان لە ڕەشنووسی ئێستای یاسای بودجەدا ناڕەزایەتی لێکەوتووەتەوە، بە جۆرێک فراکسیۆنە کوردییەکان لە پەرلەمانی عێراق ئەم هەنگاوە بە پێشێلکردنی مافی هاووڵاتییانی هەرێم دەزانن و هۆشدارییان داوە لە ئەگەری هەموارنەکردنەوەی خشتەکان، دەنگ بە ڕەشنووسەکە نادەن.