جووڵەی دیپلۆماسیی نوێ لە نێوان واشنتۆن و تاران

٢٣ تشرینی یەكەمی ٢٠٢٦

بڵاویبکەرەوە لە

پاکستان هەوڵەکانی بۆ نێوەندگیری لە نێوان واشنتۆن و تاران چڕ دەکاتەوە

حکوومەتی پاکستان هەوڵە دیپلۆماسییەکانی بۆ نێوەندگیری لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران چڕ کردووەتەوە، ئەمەش بە ئامانجی ڕێگریکردن لە پێکدادانی سەربازی و پاراستنی سەقامگیریی ئەمنی و ئابووری لە ناوچەی کەنداو و ڕۆژئاوای ئاسیادا.

ئیسحاق دار، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی پاکستان، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرۆکوەزیرانی ڕێکخراوی هاریکاریی شانگەهای لە شاری دوشەنبەی پایتەختی تاجیکستان ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی بەردەوامە لە ئاسانکاری بۆ پەیوەندیی نێوان لایەنە ناکۆکەکان، هاوکات جەختی کردەوە گفتوگۆ و ڕێکاری دیپلۆماسی تاکە بژاردەن بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاڵۆزییە هەرێمییەکان و گەیشتن بە چارەسەری ئاشتییانە.

ئەم جووڵە دیپلۆماسییانەی ئیسلامئاباد هاوکاتە لەگەڵ ئامادەکاری بۆ سەردانی فەرماندەی سوپای پاکستان بۆ تاران بە مەبەستی نزیککردنەوەی دیدگاکان و دوورخستنەوەی مەترسیی گرژیی سەربازی، لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، وەزیری دەرەوەی پاکستان داوای پتەوکردنی بازرگانی بە دراوی ناوخۆیی لە چوارچێوەی شانگەهای، پاراستنی ئاسایشی وزە و ڕێڕەوە ئاوییەکانی کرد، ئاشکراشی کرد کە پاکستان خوازیارە لە ئابی 2027 میوانداریی لووتکەی سەرکردەکانی ڕێکخراوەکە بکات.