٢٢ تشرینی یەكەمی ٢٠٢٦
ئاڵۆزییەکانی فەڕەنسا ناکۆکی دەخاتە نێوان پاریس و واشنتۆن؛ ترەمپ کۆچبەران تۆمەتبار دەکات و ماکرۆن بە لێدوانی بێمانا ناوی دەبات
شەپۆلی خۆپیشاندان، ئاڵۆزی و تاڵانکردنی دوکان و باڵەخانەکان لە فەڕەنسا، ململانێ و کاردانەوەی توندی سیاسیی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا هێناوە، بەتایبەت دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هۆکاری ئاڵۆزییەکانی بۆ پرسی کۆچبەران و سیاسەتی سنوورە کراوەکان گەڕاندەوە.
ترەمپ لە لێدوانێکیدا لە کۆشکی سپی ڕایگەیاند کە ئەگەر ئەورووپا سنوورەکانی دانەخات و ئەوانەی خۆپیشاندان دەکەن دەرنەکات ئەوا لەناو دەچێت، هاوکات جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکاش ڕەخنەی لە لیبراڵەکانی ئەورووپا گرت و کۆچبەرانی بە هۆکاری ئاڵۆزییەکان زانی، شرۆڤەکارانیش پێیان وایە کۆمارییەکان ئەم ڕووداوانە وەک کەرەستەیەکی بانگەشەی هەڵبژاردنی نیوەی خولی کۆنگرێس بەکاردەهێنن تا سەرنجەکان لە قەیرانی گرانیی ناوخۆی ئەمریکا دووربخەنەوە کە بەهۆی جەنگی ئێران و بەرزبوونەوەی نرخی وزەوە سەریهەڵداوە.
لە بەرامبەردا، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا لە سەردانەکەیدا بۆ قەتەر ڕەخنەی توندی لە قسەکانی ترەمپ گرت و بە لێدوانی گەمژانە وەسفی کردن، هەروەها جەختی کردەوە هیچ بەڵگەیەک لەسەر دەستێوەردانی دەرەکی لە پشت ناڕەزایەتییەکانەوە نییە، خوێندکارانی ناڕازییش لێدوانەکانی ترەمپیان ڕەتکردەوە و دووپاتیان کردەوە داواکارییەکانی ئەوان پەیوەستە بە کێشەی قوتابخانەکان، کەمکردنەوەی جیاوازیی چینایەتی و گرانیی ژیان.
لە کاتێکدا زیاتر لە 2000 کەس لە لایەن پۆلیسی فەڕەنساوە دەستبەسەر کراون کە زۆربەیان مێرمنداڵن و قەدەغەی هاتوچۆی کاتی لە چەندین شار سەپێنراوە، سەرکردەکانی هەنگاریا و پۆڵەنداش هۆشدارییان لە سیاسەتی کۆچبەری داوە، بەڵام دەسەڵاتدارانی فەڕەنسا هێزە چەپڕەوە توندڕەوەکان و تێکدەران بە ئەنجامدانی ئاڵۆزییەکان تۆمەتبار دەکەن نەک کۆچبەران.
