بڕیارێکی دادوەری دژی تەعریب

٢٢ تشرینی یەكەمی ٢٠٢٦

بڵاویبکەرەوە لە

دادگای کارگێڕیی سلێمانی بڕیارێکی لە دژی شێواندنی دیمۆگرافیا دەرکرد و فەرمانێکی پارێزگای هەڵوەشاندەوە
دادگای کارگێڕیی سلێمانی لە بڕیارێکی دادوەریدا لە دۆسیەی داوای ژمارە (57/ک/2026)، فەرمانی کارگێڕیی ژمارە 6448ی پارێزگای سلێمانی کە لە ساڵی 2016 دەرچووبوو، هەڵوەشاندەوە، کە ڕێگەی بە تۆمارکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بە ناوی هاووڵاتییانی دەرەوەی هەرێم و بیانییەکان دابوو.
عیماد جاف، پارێزەری ڕاوێژکار ڕایگەیاند کە دادگای کارگێڕیی سلێمانی لە دانیشتنی ڕۆژی 21ی تشرینی یەکەمی 2026 بڕیارێکی مێژوویی بۆ ڕاگرتنی شێواندنی دیمۆگرافیای کوردستان و پاراستنی پێکهاتەی ڕەسەنی دانیشتووان دەرکردووە، ئەمەش یەکەمین بڕیاری لەو شێوەیەیە لە مێژووی دادگاکانی هەرێمی کوردستاندا دەربچێت.
بەپێی وتەی ئەو پارێزەرە، فەرمانەکەی پێشووی پارێزگاری سلێمانی لەژێر ناوی گەشەپێدانی گەشتیاری و ئابووریدا دەرکرابوو، بەڵام ببووە هۆی کۆچی بەلێشاوی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی هاووڵاتییانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بۆ سلێمانی، ئەمەش پێچەوانەی بڕگەی سێیەمی ماددەی 23ی دەستووری هەمیشەیی عێراق و بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵییە، کە بە شێوەیەکی ڕەها خاوەندارێتی و تاپۆکردنی خانوبەرە بە مەبەستی گۆڕینی دیمۆگرافی قەدەغە دەکات.