پێشنیازی نوێ بۆ خشتەی مووچەی فەرمانبەران

٢١ تشرینی یەكەمی ٢٠٢٦

بڵاویبکەرەوە لە

لیژنەی تایبەتمەندی فەرمانی دیوانی لە عێراق ڕاسپاردە نوێیەکانی بۆ هەموارکردنەوەی یاسا و خشتەی مووچەی فەرمانبەران ئاشکرا کرد، کە ئامانج لێی کەمکردنەوەی جیاوازیی نێوان مووچەکان، بەرزکردنەوەی مووچەی بنەڕەتی و باشترکردنی دۆخی دارایی فەرمانبەرانی پلە نزمەکان، بڕیارەکەش لە ئەگەری پەسەندکردنیدا فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.
محەمەد ئەبو عیس، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە ڕۆژنامەی «سەباح»ی فەرمیی ڕاگەیاندووە کە بەپێی پێشنیازەکان، دوو دەرماڵە بە ڕێژەی 50% و 30% دەمێننەوە و سەرجەم دەرماڵەکانی دیکە هەڵدەوەشێنرێنەوە، بە مەرجێک کۆی گشتیی دەرماڵەکان لە 50%ی کۆی مووچەی نوێ تێپەڕ نەکات و پارەی زیادەش بۆ گەنجینەی گشتیی دەوڵەت بگەڕێتەوە، هەروەها جگە لە هێزە چەکدارەکان و دەزگا ئەمنییەکان هیچ دامەزراوەیەکی دیکە لەم ڕێکخستنەوەیە نابەخشرێت.
سەبارەت بە داتای فەرمانبەران، لە خشتەی یاسای بودجەدا 4 ملیۆن و 74 هەزار و 697 فەرمانبەر تۆمار کراون، بەڵام تەنها داتای نزیکەی 2 ملیۆن فەرمانبەر گەیشتووەتە دەستی لیژنەکە، هەربۆیە داوای دەستوەردانی یاسایی لە پەرلەمان دەکەن بۆ ڕاگرتنی دەرماڵەی ئەو فەرمانبەرانەی بە یاسای تایبەت پارە وەردەگرن، هاوکات پێشنیازی یەکخستنی مووچەی سەرۆکایەتییەکان و دامەزراوە باڵاکانیش کراوە.
پەرلەمانتارەکە جەختی لەوەش کردووەتەوە کە لە کاتی پەسەندکردنی کۆتاییدا خشتە نوێیەکە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە، بەو مەرجەی وەزارەتی دارایی لە کاتی داواکردنی پارەدارکردندا میلاکاتی فەرمانبەرانی هەرێم ڕادەست بکات، ڕوونیشی کردەوە کە ئەم بڕیارانە هێشتا لە قۆناغی لێکۆڵینەوە و ڕاسپاردەدان و نەگەیشتوونەتە دەنگدانی کۆتایی.