٢١ تشرینی یەكەمی ٢٠٢٦
دوای ئەوەی باڵیۆزی ئێران لە بەغدا ڕایگەیاند لەگەڵ عێراق گەیشتوونەتە ڕێککەوتن بۆ دەرکردن یان ڕادەستکردنەوەی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی کوردی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان، بەرپرسانی ئەو پارتانە ڕایدەگەیەنن هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی فەرمییان پێنەگەیشتووە و چاوەڕوانی ڕوونکردنەوەی فەرمین.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی «زە ناشناڵ»، محەمەد کازم ئال سادق، باڵیۆزی ئێران لە بەغدا لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەی لیژنەی ئەمنیی هاوبەشدا لەگەڵ لایەنی عێراقی گەیشتوونەتە ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر دەرکردن یان ڕادەستکردنەوەی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە هەرێمی کوردستان، بەڵام بەیاننامەی فەرمیی دەسەڵاتدارانی بەغدا بە هیچ شێوەیەک ئاماژەی بە دەرکردن یان ڕادەستکردنەوە نەکردووە، بەڵکو تەنها جەختی لەسەر بەردەوامیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامە ئەمنییەکە و چارەسەرکردنی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان کردووەتەوە.
لە بەرامبەردا، هێژار برنجی، نوێنەری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە تا ئێستا حیزبەکەیان هیچ ئاگادارکردنەوە یان بڕیارێکی فەرمیی لە حکوومەتی فیدراڵیی عێراق یان حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێنەگەیشتووە سەبارەت بە دەرکردنی ئەندامەکانیان لە خاکی هەرێمدا، هاوکات سەرکردەیەکی دیکەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات جەختی لەوە کردووەتەوە کە دەبێت چاوەڕێ بکەن چونکە حکوومەتی هەرێم لەم بابەتەدا وەک نێوەندگیر مامەڵە دەکات، ئەمەش لە کاتێکدایە پێشتر نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی کردبووەوە کە هەرێم نابێتە پەناگەیەک بۆ هێزی چەکدار کە خاکی کوردستان بۆ هەڕەشەکردن لە دراوسێکان بەکاربهێنن.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە بەغدا و تاران لە ئازاری 2023دا ڕێککەوتننامەیەکی ئەمنییان بۆ دوورخستنەوەی پارتەکانی حدکا، کۆمەڵە، پژاک و پاک لە سنوورەکان و چەکداماڵین و نیشتەجێکردنیان لە کەمپەکاندا واژۆ کرد، سەرەڕای جێبەجێکردنی بەشێکی مەرجەکانیش، سوپای پاسداران چەندین جار بارەگاکانی ئەو حیزبانەی لە هەولێر و سلێمانی بە مووشەک و درۆن کردووەتە ئامانج، هەربۆیە بڕیاری ڕادەستکردنەوە یان دەرکردنیان نیگەرانی و مەترسییەکی گەورەی مرۆیی بۆ سەر ژیانی هەزاران پەنابەری ڕۆژهەڵاتی دروست دەکات کە لە دەیەکانی ڕابردووەوە لە خاکی هەرێم نیشتەجێن.
