٢٠ تشرینی یەكەمی ٢٠٢٦
باڵیۆزی ئێران بەغدا و تاران لەسەر دەرکردن یان ڕادەستکردنەوەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات ڕێککەوتن
محەمەد کازم سادق، باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق ڕایگەیاند، تاران و بەغدا گەیشتوونەتە بڕیاری کۆتایی بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامە ئەمنییەکەی نێوانیان، کە دەرکردنی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە خاکی هەرێمی کوردستان یان ڕادەستکردنەوەی سەرکردە و ئەندامەکانیان بە تاران لەخۆدەگرێت.
بەپێی پەیامێکی باڵیۆزی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، بڕیارەکە لە میانی کۆبوونەوەی لێژنەی باڵای ئەمنیی هاوبەش لە بەغدا لە نێوان شاندی ئەمنیی ئێران، عێراق و نوێنەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان یەکلا کراوەتەوە، کە تێیدا جەخت لەسەر کۆتاییهێنان بە چالاکیی چەکداری لەسەر سنوورەکان و داماڵینی تەواوەتیی چەکەکانیان کراوەتەوە.
هاوکات هومام حەموودی، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق لە لێدوانێکدا لە بەسرە ئاشکرای کرد، ڕێککەوتن کراوە بۆ چوونەدەرەوەی سوپای تورکیا و پەکەکە و چەکداماڵینی حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی کوردی ئێران لە سێ قۆناغدا، کە هەر قۆناغێکیان سێ مانگ دەخایەنێت. سەرەڕای هەستیاری و ڕەهەندە مرۆیی و سیاسییەکانی ئەم هەنگاوە، تا ئێستا حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حیزبەکانی ڕۆژهەڵات هیچ ڕوونکردنەوە و هەڵوێستێکی فەرمییان لەسەر بڕیارەکە نەخستووەتە ڕوو.
