نرخی غازی ماڵان کەم دەکرێتەوە

١٩ تشرینی یەكەمی ٢٠٢٦

بڵاویبکەرەوە لە

سلێمانی نرخی غاز لە سیتییەکان و ماڵاندا دادەبەزێت و دڵنیایی لە نەبوونی قەیران دەدرێت
لیژنەی دابەشکردنی غاز لە سلێمانی دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان کە سەرەڕای ڕاگرتنی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی کۆرمۆر، هیچ قەیرانێکی کەمیی غاز دروست نابێت و لە سبەینێوە نرخەکەی لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون و ماڵاندا دادەبەزێت.
عومەر عەبدوڵا، سەرپەرشتیاری لیژنەی دابەشکردنی غاز لە سلێمانی لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، لە سبەینێوە نرخی یەک مەتر سێجا غاز لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون (سیتییەکان) 1000 دیناری لێ دەشکێت، بە جۆرێک لە 3500 دینارەوە دەبێتە 2500 دینار، هەروەها نرخی یەک لیتر غازی ماڵانیش لە 675 دینارەوە بۆ 550 دینار دادەبەزێت.
سەرپەرشتیاری لیژنەکە جەختیشی کردەوە کە هەرچەندە ماوەی 20 ڕۆژە کێڵگەی کۆرمۆر لە بەرهەمهێنانی غاز وەستاوە، بەڵام بڕێکی زۆر باش غازی یەدەگ کۆگاکراوە و بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادەن قەیرانی غاز لە سنوورەکەدا سەرهەڵبدات.