هەلی نیشتەجێبوون لە شاخەکانی ئیتاڵیا

١٨ تشرینی یەكەمی ٢٠٢٦

بڵاویبکەرەوە لە

هەرێمی تۆسکانا لە ئیتاڵیا دەرگای نیشتەجێبوون بەڕووی بیانییەکاندا دەکاتەوە

دەسەڵاتدارانی هەرێمی تۆسکانا لە ئیتاڵیا ئامادەکاری دەکەن بۆ خستنەکاری قۆناغێکی نوێی بەرنامەی نیشتەجێبوون بۆ ساڵی 2026، بە مەبەستی ڕاکێشانی بیانییەکان و هاووڵاتییان بۆ ئەو ناوچانەی ڕێژەی دانیشتووانیان کەمە و ڕووبەڕووی مەترسیی چۆڵبوون دەبنەوە.

ئەم دەستپێشخەرییە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی کەمبوونەوەی دانیشتووانە لە ناوچە شاخاوییەکاندا، دوای ئەوەی هەرێمەکە لە کانوونی دووەمی ڕابردوودا ئەنجامەکانی قۆناغی پێشووی ڕاگەیاند، ئێستاش سەرلەنوێ پێداچوونەوە بە مەرج و ڕێکارەکانی پێشکەشکردندا دەکرێت و بڕیارە لە کاتێکی نزیکدا دەرگای وەرگرتنی داواکارییە نوێیەکان بە فەرمی بکرێتەوە.

هەرێمی تۆسکانا کە دەکەوێتە ناوەڕاستی ئیتاڵیا و شاری فلۆرەنسا پایتەختیەتی، بە بێشکەی سەردەمی ڕێنیسانس و یەکێک لە ناوەندە دەوڵەمەندەکانی کولتوور و مێژوو لە ئەوروپا دادەنرێت، کە لە ڕێگەی ئەم بەرنامانەوە دەیەوێت جارێکی دیکە ژیان بۆ گوند و شارۆچکە شاخاوییە مێژووییەکانی بگەڕێنێتەوە.