دەیان کەشتی لە گەرووی هورمز کرانە ئامانج

١٧ تشرینی یەكەمی ٢٠٢٦

بڵاویبکەرەوە لە

ململانێی واشنتن و تاران لە گەرووی هورمز توندتر دەبێت؛ نەوتی برێنت گەیشتە 110 دۆلار

ململانێی سەربازیی نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە گەرووی هورمز چووەتە قۆناغێکی مەترسیدارەوە، بەپێی ڕاپۆرتی دەستەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا (UKMTO)، لە هەفتەی ڕابردوودا بەلایەنی کەمەوە 12 کەشتی لە ناوچەکەدا هێرشیان کراوەتە سەر، کە یەکێکیان نقوم بووە و ژمارەیەکی دیکەشیان پەککەوتوون، ئاماژە بەوەش کراوە کە ژمارەی ڕاستەقینەی هێرشەکان زۆر لەوە زیاترە، بەڵام زۆربەی کەشتییەکان بەهۆی ترسی ئەمنییەوە هەواڵی هێرشەکان تۆمار ناکەن.

لە ڕووداوێکی نوێدا، کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە دووریی 78 میل لە باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری جوبەیلی سعودیە لە بەلەمێکی بچووکەوە بە مووشەکی (RPG) کراوەتە ئامانج، هاوکات سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند کە کەشتییەکی گەورەی نەوت بە باری زیاتر لە دوو ملیۆن بەرمیل بەهۆی بەرکەوتنی مین ئاگری گرتووە، بەڵام فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) هەواڵی هەبوونی مین ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت کەشتییەکان بە مووشەکی پاسداران دەکرێنە ئامانج.

سەرەڕای گرژییەکان، براد کوپەر، سەرۆکی سێنتکۆم ڕایگەیاندووە کە کۆنتڕۆڵی تەواوەتیی گەرووی هورمز بە دەست ئەمریکا و هاوپەیمانەکانییەتی نەک ئێران، لە هەفتەی ڕابردووشدا 400 کەشتی و 100 ملیۆن بەرمیل نەوت بە گەرووەکەدا تێپەڕیون، لە بەرامبەریشدا گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکا زیانی 25 ملیار دۆلاری لە هەناردەی نەوتی ئێران داوە. هاوکات لە ژێر کاریگەریی ئەم پێکدادانانە و هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر بابولمەندەب و ناوەندەکانی وزەی سعودیە، نرخی نەوتی خاوی برێنت بۆ یەکەمجار لە دوای مانگی ئایارەوە گەیشتە 110 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.

تاران هەڕەشەی بەردەوامیی هێرشەکان دەکات و مەجید ئیبن ڕەزا، سەرپەرشتیاری وەزارەتی بەرگریی ئێران ڕایگەیاندووە، مووشەکەکانی ئەوان چارەنووسی جەنگەکە دیاری دەکەن نەک بۆمبەکانی ئەمریکا، ئەمەش لە کاتێکدایە مەترسی هەیە دۆناڵد ترەمپ دوای هەڵبژاردنەکانی 3ی تشرینی دووەم فەرمانی بەکارهێنانی بۆمبی گەورەی ناسراو بە «دایکی هەموو بۆمبەکان» بۆ سەر ئێران دەربکات.