١٧ تشرینی یەكەمی ٢٠٢٦
ئاگر لە كۆگایەكی بەنزین لە تانجەرۆ كەوتەوە، كۆگاكە بەتەواوی سووتا
لە ناوچەی تانجەرۆی شاری سلێمانی ئاگر لە كۆگایەكی بەنزین كەوتەوە و بەهۆیەوە كۆگاكە بەتەواوی سووتا، تیمەكانی بەرگریی شارستانیش پاش كاتژمێرێك توانییان ئاگرەكە كۆنتڕۆڵ بكەن و ڕێگری لە تەشەنەسەندنی بۆ كۆگاكانی دەوروبەری بگرن.
ئارام عەلی، وتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، كاتژمێر 9:30 خولەكی بەیانیی ئەمڕۆ شەممە ئاگادار كرانەوە لە بوونی ئاگر لە كۆگایەكی بەنزین لە تانجەرۆ، دەستبەجێ 10 تیمیان گەیشتنە شوێنی ڕووداوەكە و كۆنتڕۆڵیان كرد، هاوكات سەرقاڵی ساردكردنەوەی سەرجەم كۆگاكانی دیكە بوون بۆ ئەوەی زیانیان پێ نەگات.
وتەبێژی بەرگریی شارستانی ئاماژەی بەوە كرد كە بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكان، ڕووداوەكە لە كاتی بەتاڵكردنی سووتەمەنیدا ڕوویداوە و لێكۆڵینەوە لە هۆكاری كەوتنەوەی ئاگرەكە و بوونی مەرجەكانی سەلامەتی لە شوێنەكەدا دەستیپێكردووە، هەروەها ئاشكرای كرد كە لە نزیك ناحیەی عەربەت پرۆژەیەك بۆ دروستكردنی ناوچەیەكی تایبەت بە كۆگاكانی سووتەمەنی لە جێبەجێكردندایە و ئێستا بازرگانان فۆڕمی خۆتۆماركردن وەردەگرن.
ئەم ڕووداوە لە كاتێكدایە كە لەمساڵدا زنجیرەیەك ئاگركەوتنەوەی پەیوەندیدار بە شوێن و كۆگاكانی سووتەمەنی لە سلێمانی تۆمار كراون، لەوانە ئاگرەكەی 9ی ئەم مانگە لە هەوارەبەرزە، ئاگركەوتنەوەكەی 18ی ئابی ڕابردوو لە پشتی بینای پارێزگا، و ئاگرێكی گەورەی دیكە لە هەمان ڕۆژدا لە ناوچەی تانجەرۆ، كە بوونەتە جێگەی هۆشداریی بەردەوامی بەرگریی شارستانی لە مەترسیی كۆگاكردنی ناڕێكی سووتەمەنی.
