هێرشی نوێی حوسیەکان

١٦ تشرینی یەكەمی ٢٠٢٦

بڵاویبکەرەوە لە

حوسییەکان هێرشێکی کوشندەیان کردە سەر کۆشکی سەرۆکایەتیی یەمەن لە عەدەن، 5 کەس کوژران و 16ی دیکەش بریندار بوون

چەکدارانی حوسیی نزیک لە ئێران هێرشێکی بەرفراوانی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان کردە سەر کۆشکی سەرۆکایەتیی مەعاشیق لە شاری عەدەن، کە بارەگای سەرەکیی حکوومەتی دانپێدانراوی نێودەوڵەتیی یەمەنە، بەهۆیەوە پێنج کەس کوژران و 16 کەسی دیکەش بریندار بوون.

بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی تەندروستیی یەمەن لەسەر زاری قاسم محەمەد ، وەزیری تەندروستی، قوربانییەکان کارمەندانی ئەمنی و فەرمانبەرانی مەدەنیی کۆمەڵگەی حکوومەتەکەن، کە لەنێویاندا دوو ئەندامی پاسەوانیی تایبەتی شایع ئەلزیندانی، سەرۆکوەزیرانی یەمەن هەن، هاوکات وەزارەتی ڕاگەیاندنی یەمەن دڵنیایی داوە کە سەرۆکوەزیران و ئەندامانی کابینەکەی سەلامەتن و هیچ زیانێکیان پێ نەگەیشتووە.

لە بەرامبەردا، حوسییەکان بەرپرسیارێتیی خۆیان لە هێرشەکە ڕاگەیاند و بانگەشەی ئەوەیان کرد کە ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی سعودیەیان لەناو کۆمەڵگەکەدا کردووەتە ئامانج، هۆشداریشیان داوە کە هەر شوێنێکی گردبوونەوەی سەربازیی سعودیە بۆ ئەوان ئامانجێکی ڕەوایە.

ئەم پەرەسەندنە نوێیە لە کاتێکدایە کە حکوومەتی یەمەن لە سەرەتای ئەم مانگەدا ئۆپەراسیۆنی «بەرەبەیانی یەمەن»ی دژی حوسییەکان دەستپێکردووە، لە کاتێکدا حوسییەکان پێش هێرشەکە هۆشدارییان دابوو کە ئاسمانی سعودیە و فڕۆکەخانەکانی سەلامەت نین و وەڵامی هێرشەکانی ریاز دەدەنەوە.