دەیان ماڵپەر لە هەرێم قەدەغەدەکرێن

١٦ تشرینی یەكەمی ٢٠٢٦

بڵاویبکەرەوە لە

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن سەرجەم ماڵپەڕ و ئەپڵیکەیشنەکانی قومار و گرەوکردن لە هەرێمی کوردستان قەدەغە دەکات
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە نووسراوێکی فەرمی سەرجەم کۆمپانیاکانی دابینکردنی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی ئاگادارکردەوە، کە دەستبەجێ سەرجەم ماڵپەڕ، ئەپڵیکەیشن و پلاتفۆرمە ئەلیکترۆنییەکانی تایبەت بە قومار و گرەوکردن (Betting) قەدەغە و بلۆک بکەن.
بەپێی نووسراوی فەرمیی وەزارەت بە ژمارە 3718، بڕیارەکە پاڵپشت بە ماددەکانی 389 و 390 لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111ی ساڵی 1969ی هەموارکراو دەرکراوە، بە ئامانجی پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی، ئاسایشی کۆمەڵایەتی و سەپاندنی یاسا لە هەرێمی کوردستان.
وەزارەتی گواستنەوە ماوەی 15 ڕۆژی بۆ کۆمپانیاکان دیاریکردووە تا تەواوی ڕێکارە تەکنیکی و کارگێڕییەکان بگرنەبەر بۆ بلۆککردنی ئەو پلاتفۆرمانەی بە شێوەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ خزمەتگوزاریی گرەوکردن پێشکەش دەکەن. هاوکات کۆمپانیاکان پابەند کراون مانگانە ڕاپۆرتی خولی پێشکەش بکەن و هەر ماڵپەڕێکی نوێش لە داهاتوودا دەربکەوێت دەستبەجێ ڕابگیرێت، هۆشداریش دراوە هەر کۆمپانیایەک کەمتەرخەم بێت لە وادەی دیاریکراودا ڕووبەڕووی ڕێکاری توندی یاسایی و کارگێڕی دەبێتەوە.