تێچووی دەرهێنانی پاسپۆرت لە عێراق و هەرێم بەرزکرایەوە

١٥ تشرینی یەكەمی ٢٠٢٦

بڵاویبکەرەوە لە

تێچووی دەرهێنانی پاسپۆرت لە سەرانسەری عێراق و هەرێم بەرزکرایەوە
بەبێ ئاگاداریی فەرمی یان ڕاگەیاندنی پێشوەختە، تێچووی دەرهێنان و نوێکردنەوەی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی لە سەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستان زیادکرا، بە جۆرێک نرخی مامەڵەکە لە 91 هەزار دینارەوە بۆ 101 هەزار دینار بەرزبووەوە.
عەمید سالار عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی ئاشکرای کرد، لە کاتی دەستبەکاربوونی ڕۆژانەیاندا لە سیستمی ئەلیکترۆنیدا تێبینیی زیادبوونی 10 هەزار دیناریان کردووە، بێ ئەوەی هیچ فەرمانێکی فەرمی یان ڕەزامەندیی پەرلەمانی لەگەڵدا بێت، بڕیارەکەش ڕاستەوخۆ چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی نیگەرانیی خۆی دەربڕی لەوەی بڕیارەکە بارگرانییەکی زۆر لەسەر شانی هاووڵاتییان دروست دەکات، بەتایبەت بۆ خێزانە ژمارە زۆرەکان، هاوکات ڕوونیشیکردەوە کە پێشتر داوایان کردبوو تووشبووانی شێرپەنجە و منداڵانی ئۆتیزم لە ڕسووماتی پاسپۆرت ببەخشرێن، بەڵام لە بەغداوە پێیان ڕاگەیەنرابوو کە بڕیاری لەو شێوەیە لە دەسەڵاتی پەرلەماندایە، لە کاتێکدا زیادکردنی ئەم نرخەی ئێستا بەبێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان جێبەجێ کراوە