١٤ تشرینی یەكەمی ٢٠٢٦
ئەنجوومەنی باڵای فەتوا: خۆدزینەوە لە باج بە گرێبەستی ساختە حەرامە و فرۆشتنەوەی کاڵای قیست قەدەغە دەکرێت
ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا دوو بڕیاری شەرعیی گرنگی لەبارەی مامەڵە داراییەکان و چەوساندنەوەی مافی فەرمانبەرانی کەرتی تایبەت پەسەند کرد.
لە تەوەری یەکەمدا، ئەنجوومەنەکە تاوتوێی دیاردەی فرۆشتنەوەی ئەو کاڵایانەی کرد کە بە قیست کڕدراون؛ بەپێی دەقی فەتواکە، فرۆشتنەوەی کەلوپەلەکە بە هەمان فرۆشیار پێش ئەوەی قیستەکانی تەواو بکرێت، لە ڕووی شەرعییەوە پەسەند نییە و کاری نادروستە (مەکرووهـە)، مەگەر لە کاتی ناچاریی تەواودا نەبێت کە سێ مەرجی سەرەکیی بۆ دانراوە: نەبوونی هیچ جۆرە ڕێککەوتنێکی ژێربەژێر لە نێوان کڕیار و فرۆشیاردا، وەرگرتنی تەواوەتیی کاڵاکە و هەبوونی دەسەڵاتی خاوەندارێتی لەلایەن کڕیارەوە، لەگەڵ ڕوونکردنەوە و دیاریکردنی وادەی دانەوەی یەکەمین قیست.
سەبارەت بە شێوازی کارکردنی بەشێک لە پڕۆژە و کۆمپانیا و ناوەندە پەروەردەییە ئەهلییەکان، ئەنجوومەنی فەتوا پەردەی لەسەر فێڵێکی یاسایی و دارایی هەڵدایەوە کە تێیدا خاوەنکاران دوو گرێبەستی جیاواز لەگەڵ کارمەند و مامۆستایاندا دەکەن؛ گرێبەستێکیان بە ژمارە و مووچەی بەرز بۆ باج و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەت، و گرێبەستێکی دیکەش بە کرێیەکی کەمتر و سەپاندنی کاری زیاتر بەسەر کارمەندەکەدا. ئەنجوومەنەکە ئەو هەنگاوەی کۆمپانیاکانی بە «حەرامی ڕەها، غەش و فێڵکردن، و خواردنی ماڵی خەڵک بە ناڕەوا» هەژمار کرد؛ هاوکات جەختیشی کردەوە کە بڕەپارەی وەرگیراوی کرێکاران حەڵاڵە بەڵام نابێت ڕاستییەکان لە لیژنەکانی چاودێری بشارنەوە، هاوکات داوای لە دەزگا ڕەسمییەکانی حکوومەتیش کرد چاودێریی توند بخەنە سەر کەرتی تایبەت و ڕێگە لە پێشێلکردنی مافی کارمەندان بگرن.
