موچەی ئەم چینە بەرز دەکرێتەوە

١٤ تشرینی یەكەمی ٢٠٢٦

بڵاویبکەرەوە لە

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان جێبەجێکردنی بڕیاری بەرزکردنەوەی کەمترین مووچەی خانەنشینانی کەرتی تایبەتی بۆ 500 هەزار دینار ڕاگەیاند، کە لە مووچەی مانگی ئەیلولەوە هەژمار دەکرێت.
مەریوان بەگۆک عەزیز، بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی ئاشکرای کرد، ئەو کرێکارانەی پێشتر مووچەکانیان لە نێوان 150 هەزار بۆ 400 هەزار دیناردا بووە، لەمەودوا کەمترین مووچەیان دەبێتە 500 هەزار دینار. مووچەکە هاوشێوەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی، بەپێی ساڵانی خزمەت، پسپۆڕی و دوایین مووچەی کاتی کارکردنیان هەژمار دەکرێت.
بەپێی ڕێنماییەکان، مەرجی خانەنشینبوون بۆ پیاوان بە گەیشتن بە تەمەنی 60 ساڵی و 20 ساڵ خزمەت، بۆ ژنانیش بە 55 ساڵی و 20 ساڵ خزمەت دیاریکراوە. هاوکات ژمارەی ئەو کرێکارانەی دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە گەیشتووەتە زیاتر لە 350 هەزار کەس، کە 225 هەزار کەسیان لە سەردەمی کابینەی نۆیەمدا ناونووس کراون، پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلولیش بە گوژمە نوێیەکە دەستیپێکردووە.