داوا دەکرێت گومرگی سەر خۆراک هەڵبگیرێت

١٣ تشرینی یەكەمی ٢٠٢٦

بڵاویبکەرەوە لە

وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لەگەڵ نوێنەرانی کەرتی بازرگانی لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشدا لێکەوتەکانی گۆڕانکاریی نرخی دۆلاریان لەسەر بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرد؛ لە کۆبوونەوەکەدا داوا لە حکوومەتی فیدراڵ کرا باج و ڕسووماتی گومرگی لەسەر کەلوپەل و پێداویستییە خۆراکییەکان لاببات، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە گرانبوونی کاڵاکان و کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر بژێویی هاووڵاتییان.
کۆبوونەوەکە بە بەشداریی بریکاری وەزارەتی بازرگانی، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی، لقی هەولێری یەکێتیی هاوردە و ناردنکاران و ژووری بازرگانی بەڕێوەچوو گفتوگۆی چڕ لەسەر ئاسانکاریی گومرگی بۆ بازرگانان و پاراستنی سەقامگیریی نرخەکان کرا. لەوبارەیەوە، ڕەسووڵ حاجی عومەر، سەرۆکی لقی هەولێری هاوردە و ناردنکاران ڕایگەیاند پێویستە بازرگانان ڕەچاوی دۆخی دارایی هاووڵاتییان بکەن و دەستکاریی نادروستی نرخەکان نەکەن، هاوکات نوێنەرانی بازرگانانیش لەپێناو بەردەوامیی دابینکردنی پێداویستییەکان، ئاستەنگ و کێشەکانی بەردەم هاوردەکردنی کاڵاکانیان ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد.